ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی لەزاری سێ بەرپرسی باڵای ئەمریکاوە ئەوەی ئاشکرا کردووە، ئیسرائیل شوێنی ئەو یۆرانیۆمە پیتێنراوەی ئێران دەزانێت کە لە ژێر زەویدا شاردوویەتییەوە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەکە، ئەو سێ بەرپرسە باڵایە ئاگاداری راپۆرتە هەواڵگرییەکانی ئەمریکان و ئەوەیان بە ئەکسیۆس وتووە، ئێران یۆرانیۆمە پێتێنراوەکانی لە تونێلەکانی ژێر بنکەی ئەتۆمی فۆردۆ و ئەسفەهان شاردووەتەوە بۆئەوەی لە هەر هێرشێکی دەرەکی بیانپارێزێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو یۆرانیۆمانە لەدوای هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا دابڕێنراون لە کارەکانی دەرەوە، بۆیە ئاسان نابێت بۆ ئێران کە بتوانێت بە ئاسانی یۆرانیۆمەکان بهێنێتە دەرەوە و بەکاری بهێنێت بۆ هەر مەبەستێک.

ماڵپەڕەکە ئەوەشی خستووەتە روو، بەرپرسانی ئیسرائیل بە شوێنی یۆرانیۆمەکە دەزانن، هۆشداریشیان داوە لەوە هەر جوڵەیەک بە یۆرانیۆمەکە بکرێت ئەوان لێی ئاگادار دەبن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە 13ی ئەم مانگەوە و بە بیانووی بەرنامە ئەتۆمییەکەی؛ هێرشی ئسرائیل بۆسەر ئێران دەستی پێ کرد، شەڕەکە 12 رۆژی خایاند و لە کۆتایی شەڕەکەدا ئەمریکا بەشداری کرد و لەرێگەی فڕۆکەی B-2وەوە هەرسێ بنکەی ئەتۆمیی ناتانز و ئەسفەهان و فۆردۆی بۆردومان کرد و ئاماژەی بەوەکرد، بە تەواوی کاری بنکەکانیان پەکخستووە و ئێران ناتوانێت بگەڕێتەوە سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی.