دۆناڵد ترەمپ لەبارەی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێرانەوە رایگەیاندووە، رێککەوتنەکەی ئەمڕۆ بەبێ توانا و بوێری فڕۆکەوانەکانی فڕۆکەی B-2 نەدەکرا.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دوای راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و ئێراندا رایگەیاندووە، لەمڕۆ سێشەممەوە ئاگەربەستەکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و داواش دەکات هەردوولا پابەند بن پێوەی.

لەو بارەیەوە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی 'تروز' رایگەیاندووە، رێککەوتنەکەی ئەمڕۆ بەبێ توانا و بوێری فڕۆکەوانەکانی فڕۆکەی B-2 نەدەکرا.

دەشڵێت، ئەو "لێدانە تەواوەی" کە لە ئێوارەیەکی درەنگدا ئەنجام درا، هەمووانی بەیەکەوە کۆکردەوە و رێککەوتنەکەش ئەنجام درا.

دوای 12 رۆژ لە شەڕی بەردەوامی نێوان ئیسرائیل و ئێران بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و بەردەوامی لە پیتاندنی یۆرانیۆم بە رێژەی بەرز، هەروەها دوای دەستوەردانی ئەمریکا لە شەڕەکە و بۆردومانکردن و لەناوبردنی هەرسێ بنکەی ئەتۆمی ناتانز و فۆردۆ و ئەسفەهان لە رێگەی فڕۆکەی B-2، شەوی رابردوو ئەمریکا ئاگربەستی نێوانیانی راگەیاند.