ناتانیاهۆ دەڵێت: سوپاسی ترەمپ دەکەین لە بەرانبەر هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.

بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەموو كارێك دەكەین بۆ پاراستنی داهاتووی ئیسرائیل و لەگەڵ ئەمریكا دەستكەوتی گەورەمان لە ئێران بەدەستهێنا.

وتیشی، نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕین و بە هاوكاری ئەمریكا زیانی زۆرمان بە وێستگەی فۆردۆ گەیاندووە.

ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجمان نەهێشتنی هەڕەشەی ئەتۆمی و موشەكی بالیستی ئێران بوو، هەروەها زۆر نزیكین لە گەیشتن بە ئامانجەكانمان.

راشیگەیاند، بەزوو كۆتایی بە ئۆپراسیۆنەكەمان ناهێنین و زیاتر لە پێویست بەردەوامی پێنادەین، دەشڵێت، زیانی زۆر بەر بەشە گرنگەكانی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران كەوتووە.

ناتانیاهۆ لە کۆتاییدا وتی، زانیاری هەواڵگریمان هەیە سەبارەت بەوەی ئێران یۆرانیۆمی پیتێنراوی لەسەدا 60ـی خۆی لە کوێدا هەڵدەگرێت.