سەرۆک کۆماری ئێران جەخت دەکاتەوە، وڵاتەکەی لە هیچ بارودۆخێکدا چالاکییە ئەتۆمییەکانی خۆی راناگرێت، ئەمەش لەکاتێکدایە گرژییەکانی ناوچەکە بەرەو هەڵکشانی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل بەردەوامی هەیە.

مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران راگەیاند: تاران ئامادەیە بۆ گفتوگۆ و هاوکاری، بەڵام هەر گوشارێک بە ئامانجی کۆتایی هێنان بە بەرنامە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکەمان رەتدەکەینەوە.

وتیشی، ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆ و هاوکاری بۆ درووست کردنی متمانە لە بواری ئاشتیدا، بەڵام قبووڵ ناکەین چالاکییە ئەتۆمییەکەمان بۆ سفر کەم بکرێتەوە.

جێگەی ئاماژەیە، وڵاتانی ڕۆژئاوا بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، ئێران تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە هەوڵی پەرەپێدانی توانا ئەتۆمییە سەربازییەکان دەدات، ئەو تۆمەتە تاران بەردەوام رەتیدەکاتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە چالاکییە ئەتۆمییەکانی تەنیا بۆ مەبەستی ئاشتیانە و کەوتوونەتە ژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی.

هەروەها دانوستانەکان بە ئامانجی زیندوکردنەوەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015، ماوەی چەند مانگێکە لە نێوان پەرەسەندنی گرژییە ناوچەیی و سیاسییەکاندا وەستاون.