میدیا ئێرانیەکان بڵاویانکردەوە کە چواردەیەمین زانای ئەتۆمی ئێران بەهۆی هێرشی ئیسرائیلەوە کوژرا.

ئاژانسی هەواڵی “میهر”ی ئێرانی لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە “ئەیسار تەباتەبایی” ناوی ئەو زانا ئەتۆمییەیە کە لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکیی ئیسرائیل گیانی لەدەستداوە.

بە پێی زانیارییەکانی ئەو ئاژانسە ئێرانییە، ئەو هێرشە بۆ سەر ماڵی زانا ئەتۆمییەکە ئەنجامدراوە و هاوژینەکەشی لەگەڵیدا کوژراوە.

ئەم ئامارە ئاماژە بەوە دەکات کە لە ماوەی هەشت رۆژی رابردوودا، واتە لە سەرەتای شەڕی ئێران و ئیسرائیلەوە لە 13ی ئەم مانگەوە، ئیسرائیل توانیویەتی 14 زانای ئەتۆمی ئێرانی لەناوببات.

“گیدون ساعر” وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە بە یارمەتی ئەو ئۆپراسیۆنەی کە لە دژی زانا ئەتۆمی و فەرماندەکانی ئێران ئەنجامدراون، تواناکانی ئێران بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی بە ماوەی دوو بۆ سێ ساڵ دواکەوتووە.

ساعر رونیشی کردەوە کە ئەو زانا ئەتۆمییانەی کە تاکو ئێستا کوژراون، بەوردی کاریان دەکرد بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی. 

شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە بەیانی رۆژی هەینی، 13ی ئەم مانگە دەستی پێکرد کاتێک ئیسرائیل بە بەکارهێنانی زیاتر لە 200 فڕۆکەی جەنگی، دەیان بارەگای سەربازی و بنکەی ئەتۆمی لە پایتەختی تاران و ناوچە جیاوازەکانی دیکەی ئێران بۆمباران کرد.

-----