نوێنەری ئێران لە ئەنجوومەنی ئاسایش: ئەمەریکا بەشداری جەنگی دژ بە ئێران کردووە
رەوەز
٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
ئەمیر سەعید عیرفانی، نوێنەری ئێران لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئەمریکای بە پشتگیری کردن لە ئیسرائیل تۆمەتبارکرد.
نوێنەری ئێران لە ئەنجومەنی ئاسایش، لە وتەکەیدا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رایگەیاند: “بەڵگەی رون هەیە کە ئەمەریکا بەشداری راستەوخۆی لە جەنگەکەمان لە دژی ئیسرائیل کردووە، ئەمەش پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە.”
نوێنەری ئێران تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ئیسرائیل لە هێرشەکانیدا هاووڵاتیانی مەدەنی، فەرماندە سەربازییەکان، پسپۆڕان، پزیشکەکان، ئەندازیاران، هونەرمەندان و رۆژنامەنووسانی کردووەتە ئامانج.
بەوتەی عیرفانی: “لە سەرەتای ئەم جەنگەوە تا ئێستا پێنج نەخۆشخانە کراونەتە ئامانج، چەندین پزیشک و هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون و برینداربوون، ئەمەش تیرۆر و تاوانی جەنگە.”
هێرشە نوێیەکانی ئیسرائیل
نوێنەری ئێران ئاماژەی بە هێرشەکانی 16ـی حوزەیرانی ئەمساڵ کرد کە تێیدا نەخۆشخانەی فارابی لە کرماشان، خاچی سووری نێودەوڵەتی و ئەمبوڵانسەکان کرانە ئامانج.
هەروەها باسی لە هێرشەکەی 18ـی حوزەیران کرد کە تێیدا دامەزراوەیەکی ئەتۆمی و سەنتەرێکی دروستکردنی سەنتەرفیوج کرایە ئامانج، کە لە ژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیدا بوو.
عیرفانی داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد کە “دەستبەجێ ئیسرائیل وەکوو دەستدرێژی و تاوانی جەنگی بناسێنێت.”
هەروەها سەرنجی دایە سەر ئەوەی کە “ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم نابێت خۆیان لە بەرانبەر هێرشەکانی ئیسرائیل بێدەنگ بکەن.”
لە کۆتایی وتەکەیدا، نوێنەری ئێران دووپاتی کردەوە کە “بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بەرنامەیەکی ئاشتییانەیە”، لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوە کرد کە “ئیسرائیل چەکی ئەتۆمی هەیە کە تا ئێستا راینەگەیاندووە.”
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە ئاستی گرژی لە نێوان ئێران و ئیسرائیل لە ئاستێکی بەرزدایە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی نیگەرانە لە بەرفراوانبوونی ملمانێکان لە هەرێمەکەدا.