ناتانیاهۆ: ئێران خەڵکی مەدەنی دەکاتە ئامانج، ئێمەش خۆمان لەو کارە بەدوور دەگرین.
رەوەز
٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، ئێران "خەڵکی مەدەنی دەکاتە ئامانج و ئێمەش خۆمان لەو کارە بەدوور دەگرین".
ناتانیاهۆ، وێڕای پشکنینی زیانەکانی مووشەکەکانی ئێران، رایگەیاند کە "ئێران خەڵکی مەدەنی دەکاتە ئامانج، ئێمەش لە بۆردومانەکانماندا خۆمان لەو کارە بەدوور دەگرین"، دەشڵێت "ئێمە تەنها دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییەکان دەکەینە ئامانج".
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: رێگە نادەین ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت... ئامانجی ئێمە لەناوبردنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانە، توانای پێویستی ئەو کارەمان هەیە.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێران خاوەنی 28 هەزار موشەکە و هەوڵی پەرەپێدانی بۆمبی ئەتۆمی دەدات.
بەجیا، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دووپاتی کردەوە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا "سەرکردەیەکی گەورەیە، سوپاسی دەکەین بۆ هاوکارییەکانی"، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەو (ترەمپ) "بڕیارەکانی خۆی دەدات".
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشی نوێیان بۆ سەر ئێران دەستپێکردووە و مووشەک هاوێژەکانی باشوری رۆژئاوای ئەو وڵاتەیان کردووەتە ئامانج.
هەروەها ئێران ئەمڕۆ هەینی چەند موشەکێکی بەرەو ئیسرائیل هەڵداوە. خزمەتگوزاری تەندروستی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە "لە حەیفا 12 کەس برینداربوون کە دوو کەسیان باری تەندروستی ناجێگیرە".
هاوکات لەگەڵ هێرشەکان، عەلی خامنەیی، رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاندووە، ئیسرائیل "ئێستا سزای خۆی وەردەگرێت".