سێیەمین کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئۆقیانوسەکان لە شاری نیسی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت و سەرۆک کۆماری عیراق وتارێکی تێدا پێشکەشکرد.

لە سێیەمین کۆنفڕانسی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ئۆقیانووسەکان سەرۆک کۆماری عیراق رایگەیاند، پێویستە ئۆقیانووسەکان وەک میراتێکی مرۆیی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.

د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق دەشڵێت: بەشداری عیراق لەم کۆنفڕانسە لە سۆنگەی گرنگیدانییەتی بە کاری هاوبەش بۆ پاراستنی ژینگە.

وتیشی، نیگەرانین لە پیسبوونی ژینگە ئاوییەکانمان، ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ هەندیک لە وڵاتان ئۆقانووسەکان سەرچاوەی ژیانکردنە.

سەرۆک کۆمار ئەوەشی خستەڕوو، لە عیراق ئاستی هەردوو روباری دیجلە و فورات کەمبووەتەوە، بەهۆی چەند هۆکارێکەوە، لەوانە گۆڕانی کەشوهەوا، نەبوونی سیاسەتێکی یەکگرتووی ئیداری و یاسایی بۆ رووبارەکانی سنووربەزێن، هەروەها دابەزینی رێژەی ئاوی عیراق لە وڵاتانی سەرەوەی روبارەکانەوە، کە بووەتە هۆی دابەزینی ئاستی بەرهەمی کشتوکاڵی و بەرهەمی ناوخۆیی گشتی.

د.لەتیف رەشید راشیگەیاند، داوای فراوانکردنی هاوبەشی کاریگەر لە نێوان حکومەتەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی، کەرتی تایبەت، و دامەزراوە توێژینەوەکان دەکەین، پشتیوانی دارایی داهێنەرانە و بەردەوام بۆ پاراستنی ئۆقیانوسەکان، هەروەها هەماهەنگی و هاوکاری بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر ئاو، رووبار، و دەریاچەکان کە خزمەت بە بەرژەوەندی هەمووان بکات.

ئەمەی خوارەوە دەقی وتاری سەرۆک کۆمارە لە دانیشتنی کردنەوەی کۆنگرەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئۆقیانوسەکان:

 

خاوەن شکۆ و پایەداران
خوشک و برایانی بەڕێز
 
سڵاو و دروود و ڕەحمەتی خوای گەورەتان لەسەربێت.
   
  خۆشحاڵین ئەمڕۆ بەشداری لەم کۆنفرانسە گرنگە دەکەین کە شاری نیس میوانداریی دەکات، سێیەمین کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ زەریاکان، کە پلاتفۆرمێکی تایبەتە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی دیدەکان و پەرەپێدانی هاوکاری نێوان وڵاتەکانمان لەپێناو ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاریە هاوبەشەکان و داڕشتنی ئایندەیەکی سەقامگیرتر و دادپەروەرانەتر، بەتایبەتی کە سەرچاوەکانی ئاو بە زەریاکانیشەوە کێشەیەکی مرۆیی، ئاسایش و گەشەپێدانن و لەهەمان کاتدا  چەندین ساڵە لە دەرەوەی چەتری پاراستنی یاسایی پێویست ماونەتەوە.

بەشداری عێراق لەم کۆنفرانسەدا دەگەڕێتەوە بۆ باوەڕی قووڵمان بە گرنگی کاری هەمەلایەنە و پابەندبوون بە بەهێزکردنی هاوبەشی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و وشکەساڵی و نایەکسانی ئابووری و قەیرانی ئاسایشی خۆراک.

ئەمڕۆ، لەگەڵ گۆڕانی خێرای کەشوهەوا، بەرزبوونەوەی ئاستی پیسبوونی دەریا و لەدەستدانی سیستەمە ژینگەییەکان، ڕووبەڕووی تەحەدایەکی گەورە دەبینەوە کە پێویستی بە کاری یەکلاکەرەوە و هاوکاری جیهانی راستەقینە هەیە لەسەر بنەمای زانست و دارایی بۆ پاراستنی زەریاکان و سەرچاوەکانی ئاو.

زەریا و دەریاکان تەنها کۆمەلەی ئاو نین بەڵکو سیستەمی بایۆلۆجی ئاڵۆزن کە ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە سەقامگیرکردنی کەشوهەوا و دابینکردنی خۆراک و دابینکردنی هەلی کار و ڕێکخستنی سووڕی ئاو لەسەر هەسارەکەمان .

 ئاسایشی زەریاکان چیتر کێشەیەکی ژینگەیی نییە بەتەنها بەڵکو بۆتە کێشەی ئاسایشی نێودەوڵەتی و مرۆیی بۆ زۆرێک لە وڵاتانی جیهان بەتایبەتی ئەوانەی بەدەست کەمی سەرچاوەی ئاو و بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکانەوە دەناڵێنن و پێوەرە زانستییەکان ڕوون بوونەتەوە بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی بەرزبوونەوەی خێرای پلەی گەرمی ئاو و خراپتربوونی دیاردەی ترشبوون و دابەزینی زەریاکان. کۆگای ماسی و زیادبوونی پیسبوونی پلاستیک و ماددە کیمیاوییەکان . 

  لەعیراقدا ڕووبەڕووی تەحەدایەکی گەورە دەبینەوە بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات بەهۆی چەند کاریگەرییەکەوە لەوانە گۆڕانی کەشوهەوا و نەبوونی سیاسەتێکی کارگێڕی و یاسایی یەکگرتوو بۆ ڕووبارەکانی سنوور و کەمبوونەوەی داهاتی ئاو لەوڵاتانی سەرەوە کە بووەتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی ئاوارەبوونی ناوخۆ و دەرەکی و کەمبوونەوەی بەشداری بەرهەمی کشتوکاڵی لەبەرهەمی ناوخۆیی. 

بەڕێزان 
 
      زەریا و دەریاکان تەنها سەرچاوەیەکی سروشتی نین بەڵکو میراتی هاوبەشی مرۆڤن، بۆیە پێویستە کاری بەکۆمەڵ خێراتر بکرێت بۆ بەدەستهێنانی بەشێک لە ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام لەڕێگەی برەودان بە داهێنان، پشتیوانی لە ئابووری شین و بنیاتنانی تواناکان، بەتایبەتی لە وڵاتانی گەشەسەندوو و دوورگە بچووکەکان کە لە ڕیزی پێشەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوای دەریایدان.
   
ئەوەی ئەمڕۆ لەم کۆنفرانسەدا پێویستمانە ڕێکەوتنێکی بەکۆمەڵە بۆ داڕشتنی ستراتیژێکی جیهانی بۆ پاراستنی زەریاکان و بەهێزکردنی پابەندییە نێودەوڵەتییەکان لە ڕێگەی پلانی کارکردن لەسەر بنەمای پەیماننامەی دەریایی.

لەم ڕوانگەیەوە، ئێمە ئەمڕۆ داوا لە هەموو وڵاتان دەکەین بەشداری ئەم پەیماننامەیە بکەن و بەشدارییەکی کاریگەر بکەن لە چالاککردنی بڕگەکانی، سەرەڕای ئەمانەی خوارەوە:


- فراوانکردنی کاری هاوبەشی کاریگەر لە نێوان حکومەتەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی، کەرتی تایبەت و دامەزراوەکانی توێژینەوە.

- پاڵپشتی داهێنان و بەردەوامی دارایی بۆ پاراستنی زەریاکان و بەهێزکردنی خۆڕاگری مانەوەیان.

- بەدیهێنانی یەکخستن لە نێوان وەزارەتەکانی ئاو و ژینگە و ئابووری شین لە هەموو وڵاتان.

- ئامادەکردنی نەخشەی دەریایی و هایدرۆلۆجی نیشتمانی نوێکراو کە جێبەجێ بکرێت.
- پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستی و تەکنەلۆژیا لە بوارەکانی شیرین کردنی ئاو و پاراستنی سیستەمی ژینگەیی.

- چارەسەرکردنی بۆشایی یاسایی لە دەریای بەرز و پەرەپێدانی هاوکاری لە بەڕێوەبردنی حەوزە هاوبەشەکان و ئاوی داخراو و نیمچە داخراو.

- کارکردن بۆ پاراستنی زەریا و دەریاکان، کە بەرپرسیارێتییەکی تەکنیکی، ئابووری و مرۆییە کە دەکەوێتە سەر شانی هەموومان، بۆ ئێستا و داهاتوو پێکەوە.

- هەماهەنگی و هاوکاری بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر ئاو و ڕووبار و دەریاچەکان کە خزمەت بە بەرژەوەندی هەمووان بکات.

لەکۆتایدا...

دەمەوێت سوپاسی حکوومەتی فەڕەنسا و کۆستاریکا و سکرتاریەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەم بۆ ڕێکخستنی ئەم کۆنفرانسە نێودەوڵەتییە. 

سڵاو و دروود و ڕەحمەت و بەرەکەتی خوای گەورەتان لەسەربێت