ئەکسیۆس: ترەمپ یەکێک لە ئاسانترین ئەو سەرۆکانەیە کە بۆ سیخوڕیکردن و هەڵخاڵەتاندن دەست دەدات
رەوەز
٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
ئاژانسی ئەکسیۆس ترەمپ بەردەست ترین سەرۆک دەزانێت بۆ هەڵخەلەتاندن و پێی وایە دەکرێت زۆر بە ئاسانی خۆیی و ئیدارەکەی لەلایەن فێڵبازان و کەسانی ئەندام لە هەواڵگرییە جیهانییەکانەوە بکرێنە ئامانج.
بەپێی راپۆرتێک کە ئاژانسی هەواڵی ئەکسیۆس بڵاویکردوەتوە، دەوترێت سەرۆکی ئەمریکا کاتێک تەلەفۆنەکەی زەنگ لێدەدات تەنانەت ئەگەر نەشزانێت کێیە، وەڵامدەداتەوە.
لە راپۆرتەکەی ئەکسیۆسدا هاتووە؛ ئەندامانی باڵای تیمەکەی زۆر حەز بە چاتکردن دەکەن لەسەر تەلەفۆنە کەسییەکانیان. ئەمەش وا دەکات ئیدارەکەی بە شێوەیەکی ئاسان بەرەوڕووی فێڵە سەرەتاییەکانی وەک پەیوەندی ساختە و هەوڵی هاککردن بێت.
پێوەند بەمەوە، دەسەڵاتدارانی فیدراڵی لە ئێستادا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە پلانێک، کە کەسێک ژمارەی تەلەفۆنی سوزی وایڵزی سەرۆکی ئەرکانی کۆشکی سپی ساختە کردووە بۆ ئەوەی خۆی وەک ئەو نیشان بدات و پەیوەندی بکات بە سیناتۆر و پارێزگار و بەڕێوەبەری جێبەجێکارەوە.
بە پێی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، لەلایەکی دیکەوە، هاککەرە چینییەکان هەر لە هاوینی 2023دا چوونەتە ناو تۆڕەکانی پەیوەندییەکانی ئەمریکاوە.
رۆژنامەی NYT بڵاویکردەوە، ئەو دەستگەیشتنە لەلایەن گروپی سالت تایفون کە لەلایەن چینەوە پاڵپشتی دەکرێت بەکارهێنراوە بۆ سیخوڕیکردن بەسەر ترەمپ و ڤانس جێگری سەرۆک و بەرپرسانی دیکەی ئیدارەکەیەوە.
گوێگرتن لە سەرکردەکانی جیهان شتێکی نوێ نییە — بەڵام زۆر ئاسانترە ئەگەر ئەو سەرکردەیەی کە باسی لێوە دەکرێت مۆبایلێکی کەسی بەکاربهێنێت و خۆی لە پراکتیزەکردنی ئەوستانداردانە بەدوور بگرێت کە بۆ ئاسایشی ئەلکترۆنی دەگیرێنە بەر.
لە ساڵی 2017دا ترەمپ دوو مۆبایلی هەبوو — یەکێکیان لە رێگەی کۆشکی سپییەوە دابینکرابوو و تەنها توانای پەیوەندی تەلەفۆنی هەبوو، مۆبایلێکی تریش کە ئاسایشی کەمتربوو تەنها بۆ سۆشیال میدیا بەکاریدەهێنا. لەو کاتەدا داوای لێدەکرا لانیکەم مانگی جارێک مۆبایلی تویتەرەکەی بگۆڕێتەوە. بەلام پێگەی پۆلیتیکۆ لە راپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوەدا، کە نەک مانگی جارێک مۆبایلەکە ناگۆڕێت، بەڵکو زۆر جار چەند مانگێک بەبێ پشکنینی ئەمنی بەکاری دەهێنێت.
لە راگەیەندراوێکدا، ستیڤن چیونگ، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆشکی سپی رایگەیاندووە، ئیدارەی ئەمریکا "وردەکاری رێوشوێنە ئەمنییەکان سەبارەت بە سەرۆک ئاشکرا ناکات". چیونگ وتی: سەرۆکی ئەمریکا روونترین و بەرد دەستترین سەرۆکە لە مێژووی ئەمریکادا. دەشڵێت: سەرکردەکانی جیهان و سەرۆکی وڵاتان و بەرپرسانی هەڵبژێردراو و بازرگانان هەموویان دەستی بۆ درێژ دەکەن، چونکە دەزانن ئەمریکا گەڕاوەتەوە ژێر سەرکردایەتی سەرۆکێکی بەهێز.