تیمەکانی بەرگری شارستانی گەرمیان ئەمشەو توانیان دوو هاووڵاتی ئێرانی رزگار بکەن کە لە کاتی خاڵیکردنەوەی گاز لە تەنکەرێکی سوتەمەنی کەوتبوونە ناو تەنکەرەکە.

روداوەکە لە گوندی ساڵەح-ی سنوری ناحیەی قۆرەتووی گەرمیان رویداوە، کە دوو هاووڵاتی ئێرانی لە کاتی خاڵیکردنەوەی گاز لە تەنکەرێکی سوتەمەنی کەوتوونەتە ناو تەنکەرەکەوە.

رەفیق قادر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار، بە کوردسات نیوزی راگەیاند: "ئەو دوو هاووڵاتییە رەوانەی نەخۆشخانەی شەهید هەژار کراون."

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە ئاماژەی بەوەکرد کە "دۆخی تەندروستی یەکێکیان ناجێگیرە" و لەژێر چاودێری پزیشکدایە.