توركیا بەڵێنی داوە بڕی پێویست ئاو بۆ عیراق بەربداتەوە
١٣ی ئایاری ٢٠٢٥
وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عیراق دەڵێت، توركیا بەڵێنی داوە بڕی پێویست ئاو بۆ عیراق بەربداتەوە، لەگەڵ ئێرانیش لە گفتوگۆدان بۆچارەسەركردنی دۆسیەكانی ئاو.
عەون زیاب، وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عیراق رایگەیاند، لەمیانی سەردانەكەیدا بۆ توركیا، سەرۆك وەزیرانی عیراق لەگەڵ وەزیری كشتوكاڵ و كاروباری ئاوی توركیا و راوێژكاری سەرۆك كۆماری توركیا بۆ دۆسیەی ئاو كۆبووەتەوە و داوایكردوە لە وەرزی هاویندا توركیا بری پێویست ئاو بۆ عیراق بەربداتەوە، بە تایبەتی كە ئەمساڵ ئاماژەكانی وشكەساڵی و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما دەركەتون، لەوبارەیەشەوە هەردوولا لێكتێگەیشتنیان هەبووە
راشیگەیاند، بەرپرسانی توركیا بەڵێنیانداوە، بڕی پێویست ئاو بۆعیراق بەربداتەوە و هیوادارین پابەندی بەڵێنەكانیان بن.
سەبارەت بە گفتوگۆكانیشیان لەگەڵ ئێران، وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عیراق رایگەیاند، لەگەڵ بەرپرسانی ئێران لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی بڕی پێویست ئاوی روباری كارون بەربدەنەوە، ئەوەش لە پێناوی رێگریكردن لە بەرزبوونەوەی رێژەی خوێ لە شەتولعەرەبدا، بە هەمان شێوە داوایان كردوە برێكی زیاتر ئاو بۆ روباری سیروان بەربدنەوە.