وەزیری دارایی ئیسرائیل: غەززە بە تەواوەتی داگیردەکەین
محەمەد رزگار
٦ی ئایاری ٢٠٢٥
ئیسرائیل ئاشکرایکرد؛ غەززە بە تەواوی لە ناودەچێت و لەشەش مانگی داهاتووشدا حەماس لە ناوچەکە نامێنێت.
بێزالیل سمۆتریچ وەزیری دارایی ئیسرائیل رایگەیاند: دانیشتوانی غەززە دەست دەکەن بە "رۆیشتن بۆ وڵاتی سێهەم" دوای ئەوەی گواستراونەتەوە بۆ بەشی باشووری کەرتی غەززە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای شەش مانگ حەماس لە غەززە نامێنێت و من باوەڕم وایە لە ماوەی چەند مانگێکدا دەتوانین بە شێوەیەکی دوور لە دوو دڵی سەرکەوتنی خۆمان رابگەیەنین.
وەزیری دارایی ئیسرائیل ئەوەشی خستەڕوو، دواجار هەموو هاوکارییە مرۆییەکان کۆنتڕۆڵ دەکەین بۆ ئەوەی نەبنە پێداویستی بۆ حەماس، ئێمە حەماس لە دانیشتووان جیادەکەینەوە و کەرتەکە پاک دەکەینەوە، بارمتەکانیش دەگەڕێنینەوە و حەماس دەشکێنین.
جێگەی ئاماژەیە لە لێدوانەکانی پێشودا سمۆتریچ رایگەیاندبوو، ئیسرائیل لە کەرتی غەززە ناکشێتەوە تەنانەت ئەگەر رێککەوتنێکی دیکە سەبارەت بە بارمتەکان بکرێت، ئاماژەی بەوەشکردووە، دواجار کەرتی غەززە داگیر دەکەین.