ئیسرائیل هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر فرۆکەخانەی سەنعا لە یەمەن دەستپێکرد
محەمەد رزگار
٦ی ئایاری ٢٠٢٥
فرۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە دوای ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتیان ودانیشتوانی نزیک فرۆکەخانەی سەنعا لە یەمەن، چەندین هێرشی بۆ سەر فرۆکەخانەکە ئەنجامدا.
ئەمڕۆ میدیاکانی یەمەن ئاشکرایانکرد، ئیسرائیل لە رێگەی فڕۆکە جەنگییەکانیەوە چەندین هێرشی توندیان بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی سەنعا ئەنجامداوە و لەوانە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، دەنگی تەقینەوەی بەهێز پایتەختی یەمەنی هەژاندووە و هەواڵەکان باس لە ئامانجگرتنی وێستگەی کارەبای حەزیز لە باشووری پایتەخت دەکەن، هەروەها هێرشەکان کارگەی چیمەنتۆی عەمرانیشیان کردوەتە ئامانج.
دوای ماوەیەکی کەم، سوپای ئیسرائیل ئاگادارکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە بۆ هەموو ئەو کەسانەی لە ناوچەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سەنعان بۆ چۆڵکردنی دەستبەجێی ناوچەکە، کە یەکەمجارە ئاگادارکردنەوەی لەو جۆرە سەبارەت بە یەمەن دەرکرێت.
هاوکات سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە هێرشەکانمان بەسەرکەوتوی ئەنجامدا و فرۆکەخانەی سەنعا بە هۆی هێرشەکانمانەوە بەتەواوەتی پەکی کەوتووە.
دوێنێ دووشەمە، سوپای ئیسرائیل لە ژێر سەرپەرشتی راستەوخۆی بنیامین ناتانیاهو، سەرۆک وەزیران، چەندین هێرشی ئاسمانی چڕی کردە سەر چەندین شوێن لە یەمەن، وەک وەڵامێک بۆ ئەو موشەکەی کە حوسییەکان لە چواری ئایار ئاڕاستەی ئیسرائیل کرد و لە نزیک فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن لە تەل ئەبیب کەوتە خوارەوە.