حوسییەکانی یەمەن، رایانگەیاند کە گەمارۆیەکی ئاسمانی تەواویان خستووەتە سەر ئیسرائیل وەک کاردانەوەیەک بۆ بڕیاری فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە کەرتی غەزە.

یەحیا سەریع، وتەبێژی حوسییەکان، لە راگەیاندنێکی ڤیدیۆییدا وتی: "وەک کاردانەوەیەک بۆ زیادبوونی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، هێزە چەکدارەکانی یەمەن رایدەگەیەنن کە کار دەکەن بۆ سەپاندنی گەمارۆیەکی ئاسمانی تەواو لە رێگەی بە ئامانج گرتنی بەردەوامی فرۆکەخانەکانیەوە.  بە تایبەتی 'فڕۆکەخانەی لۆد' کە بە ئیسرائیلی ناوی فڕۆکەخانەی بن گۆریۆنە."

لە درێژەی قسەکانیدا رایگەیاند: "داوا لە هەموو کۆمپانیا فڕۆکەوانیەکانی جیهان دەکەین، لە پاش ئەم راگەیەندراوەوە ئەم بابەتە لە بەرچاو بگرن و  هەموو گەشتەکانیان بۆ فڕۆکەخانەکانی ئیسرائیل لە پێناو پاراستنی فڕۆکەکانیان هەڵبوەشێننەوە."

وتەبێژەکە جەختی کردەوە کە "یەمەن رازی نابێت بە بەردەوامبوونی دۆخی دەستدرێژی و خۆ سەپاندنی دوژمن لە رێگەی بە ئامانجگرتنی وڵاتانی عەرەبی وەک لوبنان و سوریا، و دووپاتی دەکاتەوە کە ئەم ئوممەتە لە روبەروبوونەوە ناترسێت و ملکەچبوون رەتدەکاتەوە."

پێشتر، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، کە موشەکێک کە لە یەمەنەوە هەڵدرابوو لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن لە تەل ئەبیب کەوتووەتە خوارەوە.

هاوکات؛ رادیۆی سوپا لە سەرچاوەیەکی سەربازییەوە رایگەیاند؛ کە سیستەمەکانی "پاد"ـی ئەمریکی و "حیتس"ـی ئیسرائیلی شکستیان هێنا لە راگرتن و خستنە خوارەوەی مووشەکە یەمەنییەکە.