ئیسرائیل 18 هێرشی ئاسمانی بۆ سەر سوریا ئەنجامدا
محەمەد رزگار
٣ی ئایاری ٢٠٢٥
میدیاکانی سوریا بڵاویانکردەوە، دوێنێ شەو ئیسرائیل زیاتر لە 18 هێرشی ئاسمانی لە سەرانسەری خاکی سوریا ئەنجامدا و سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت؛ دامەزراوەیەکی دژە فڕۆکە و ژێرخانی موشەکی سوریامان کردوەتە ئامانج.
ئاژانسی هەواڵی عەرەبی سوریا (سانا) ئاشکرایکرد، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دەوروبەری شاری حەرەستا لە دیمەشق و دەوروبەری گوندی شەتحا لە حەمما" هاووڵاتییەکی مەدەنی کوژراوە.
میدیاکانی سوریا رایانگەیاندووە، ئیسرائل 18 هێرشی ئاسمانی لەسەرانسەری سوریا ئەنجامداوە، روانگەی سوریش دەڵێت؛ سوریا لە مێژووی خۆیدا تووشی توندوتیژترین شەپۆلی هێرش و بۆردومانی ئاسمانی بووەوە.
هاوکات سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی ژێرخانی سەربازیی سوریایان کردە ئامانج و بارەگا سەربازییەکان ئەو شوێنانە دەکاتە ئامانج کە چەک و کەرەستەی تێدایە.
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکرد،هێرشیان کردووەتە سەر "شوێنێکی سەربازی و دامەزراوەی دژە فڕۆکە و ژێرخانی موشەکی سەرزەوی بۆ ئاسمانی لە سوریا".
ئاماژەی بەوەشکردووە، سوپای ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی دەوڵەتی ئیسرائیل.
پێشتریش ئیسرائیل ناوچەیەکی نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی سوریا لە دیمەشقی بۆردومان کرد، ئەوەش روونترین هۆشداری بۆ دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا سەبارەت بە ئامادەیی خۆیان بۆ پەرەپێدانی کردەوە سەربازییەکان.