رۆژی گەشتی حاجیانی هەرێمی کوردستان بۆ وەرزی حەج دیاری کرا
رەوەز
٣٠ی نیسانی ٢٠٢٥
رۆژی گەشتی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجی ئەمساڵ بە هەردوو ڕێگای وشکانی و ئاسمانی دیاری کرا کە ژمارەیان 5136 هاووڵاتییە.
کاروان ستونی، وتەبێژی حەج و عومرەی هەرێم لە لێدوانێکدا بۆ کوردسات نیوز رایگەیاند: "ئامادەکارییەکانمان بۆ پێشوازیکردن لە وەرزی حەجی ئەمساڵ تەواو کردووە و لە رۆژی 16\5\2025 یەکەم کاروانی حاجیانی کوردستان بە رێگای وشکانی بەرەو عەرەبستانی سعوودیە بەڕێ دەکەون."
بەپێی قسەکانی ستونی، گەشتەکان بە دوو رۆژ ئەنجام دەدرێن بەجۆرێک کە حاجیانی پارێزگای سلێمانی، پارێزگای هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و گەرمیان لە ڕۆژی 16\5\2025 گەشت دەکەن، لە کاتێکدا حاجیانی پارێزگای هەولێر، پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زاخۆ لە ڕۆژی 17\5\2025 بەرەو عەرەبستانی سعودیە بەڕێ دەکەون کە ژمارەیان 1645 حاجییە.
وتەبێژی حەج و عومرەی هەرێم ئاماژەی بەوەشدا کە رۆژی19\5\2025 یەکەم کاروانی حاجیانی کوردستان بە رێگەی ئاسمانی لە رێگەی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانییەوە بەرەو سعودیە بەڕێ دەکەون کە ژمارەیان3491 حاجییە.
بەپێی زانیارییەکان، گەشتەکانی ئاسمانی تاوەکوو رۆژی 28\5\2025 بەردەوام دەبێت.