عراقچی: لە ئەگەری هەر هێرشێک بۆسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەمان وەڵاممان دەبێت
محەمەد رزگار
٢٨ی نیسانی ٢٠٢٥
ئیسرائیل دەڵێت؛ پێویستە ژێرخانی ئەتۆمی ئێران بەتەواوی لەناو ببرێت، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش راگەیاند، وەڵامی هەر هێرشێک دەدەینەوە کە بکرێتە سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەمان.
عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، وەڵامی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەداتەوە سەبارەت بە هێرشکردنەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و دەڵێت؛ لە ئەگەری هەر هێرشێک بۆ سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەمان وەڵاممان دەبێت و لێکەوتەی خراپی لێدەکەوێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ناتانیاهۆ دەیەوێت کێشە بۆ دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمریکا دروستبکات، بەڵام دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەزانێت چی دەکات لەهەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بەرێککەوتن لەگەڵ وڵاتەکەمان.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ناتانیاهۆ لە بارەی دانوستانەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران دوێنێ رایگەیاند، تەنها رێککەوتنێک كە باش بێت لەنێوان تاران و واشنتۆندا، رێككەوتنێكە كە لە رێگەیەوە بە تەواوی ژێرخان و سیستمی ئەتۆمی ئێران لەناوببرێت.