ژمارەی قوربانییانی تەقینەوەكەی بەندەر عەباسی ئێران بەرزبووەوە، سێ رۆژ ماتەمینی راگەیەندرا و تا ئێستاش ئاگری هەندێك ناوچە بە تەواوەتیی كۆنتڕۆڵ نەكراوە.

 

پەیامنێری كوردسات نیوز لە تاران رایگەیاند:.ژمارەی كوژراوانی تەقینەوەكەی بەندەری رەجایی بەندەر عەباس، بۆ 40 كوژراو و هەزار و 242 بریندار بەرزبووەتەوە.

 

ئاماژەی بەوەش كرد كە ژمارەیەك لە بریندارەكانی روداوەكە بۆ شارەكانی دیكە گواستراونەتەوە و ژمارەیەك كەسیش بێسەروشوێن بون و چارەنوسیان نادیارە.

 

پارێزگاری هورموزگان رایگەیاند لێكۆڵینەوە لە روداوەكە بەردەوامە و تیمەكانی ئاگركوژێنەوە سەرقاڵی كۆنتڕۆڵكردنی ئاگری تەقینەوەكانن.

 

دوێنێ شەممە ژمارەیەك تەقینەوەی گەورە لە بەندەر رەجایی لە شاری بەندەر عەباس سەر بە پارێزگای هورموزگان روویدا، رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكیش بڵاوی كردوەتەوە ئەو ماددەی كە تەقیوەتەوە سوتەمەنیی موشەكی بالیستی بوە كە لە  وڵاتی چینەوە هاوردە كراوە.