سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند؛ دەستی بەسەر دوو کەشتی گواستنەوەی سوتەمەنی لە ئاوەکانی دەریای بوشێهردا گرتووە کە نەوتی قاچاغیان هەڵگرتبوو و هەوڵی چوونەدەرەوەیان لە ئاوەکانی ئێران دەدا.

مەسعود فروتن، جێگری فەرماندەی ناوچەی دووی دەریایی سوپای پاسداران لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی رایگەیاند: "دەستمان بەسەر دوو کەشتی گواستنەوەی سوتەمەنیدا گرتووە کە ئاڵای تانزانیایان بەرزکردبووەوە و هەوڵی چوونەدەرەوەیان لە ئاوەکانی ئێران دەدا، بەڵام لەلایەن کارمەندانی ناوچەی دووی دەریایی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون."

فروتن ئاشکرای کرد کە هەردوو کەشتییە بیانییەکە (25) کارمەند کاریان لەسەر کردوون، لە (سی ڕێنجەر و سەلامە) پێکهاتوون و بڕی یەک ملیۆن و (500) هەزار لیتر سوتەمەنییان بارکردووە، کە نرخەکەی لە (700) ملیار ریاڵ زیاترە.

جێگری فەرماندەی ناوچەی دووی دەریایی سوپای پاسداران ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە بۆروبەروکردنەوەیان بە دەسەڵاتی دادوەری و دوای تەواوبوونی رێکارە یاساییەکان، هەردوو کەشتییەکە گواستراونەتەوە بۆ بەندەری بوشێهر، هەروەها سووتەمەنییە قاچاغەکەش رادەستی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان دەکرێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی فەرمی دابەش بکرێت.