خانمی یەکەمی عیراق پرسەنامەیەکی بەهۆی گیانلەدەستدانی پاپای ڤاتیکان بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، ئەو رابەرە رۆحییە بوو ژیانی خۆی تەرخان کرد بۆ ئاشتی و لێبوردەیی ئایینیی.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق پرسەنامەیەکی بەهۆی گیانلەدەستدانی پاپای ڤاتیکان بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، "دڵسۆزانەترین پرسە و سەرەخۆشی لە مەسیحییەکانی جیهان، بەتایبەت کاسۆلیکییەکان دەکەم بۆ لەدەستدانی ئەو رابەرە رۆحییەی ژیانی خۆی تەرخان کرد لەپێناو ئاشتی و لێبوردەیی ئایینییدا".

ئاماژەی بەوەشکردووە، سەردانە مێژووییەکەی بۆ عێراق لە ساڵی 2021دا دەستپێشخەرییەکی بەهێز بوو بۆ پشتیووانی و هیوا، هەروەها گەواهیدەری پابەندبوونی بوو بە گفتوگۆی نێوان ئایینەکان.

ئەوەشی خستووەتە روو، "تێکۆشانی لەپێناو ئەم بنەمایانەدا رێزێکی زۆری ئایینزا جیاوازەکانی پێبەخشی".

ئەمڕۆ پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان لە تەمەنی 88 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.