وەزارەتی دەرەوەی ئێران راگەیەنراوێکی لەبارەی دانوستانەکانی ئەمڕۆی ئێران و ئەمریکا بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، بە چاوکراوەیی و جانتایەکی پڕ لە ئەزموونی رابردووەوە دەڕۆن.

ئەمڕۆ خولی دووەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە بەڕێوەدەچێت و وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش بەر لە دەستپێکردنی کۆبوونەوەکان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا هاتووە، ئاشتی بەردەوام لە گفتوگۆی راستگۆیانە لەنێوان گەلاندا لەدایک دەبێت، نەک لە سەپاندنی هێزەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆماری ئیسلامی ئێران هەمیشە پابەندبوونی خۆی بە دیپلۆماسی وەک رێگەیەکی شارستانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بە نیازپاکی و روانگەیەکی بەرپرسیارانەوە، لەگەڵ رێزگرتن لە بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەی ئێران نیشانداوە.

ئەوەش خراوەتە روو، "دەزانین رێگای بەردەممان خۆش نییە، بەڵام بە چاوکراوەیی و جانتایەکی پڕ لە ئەزموونی رابردوەوە دەڕۆین".