بڕیارە سبەینێ خولی دووەمی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەبچێت.

خولی یەکەمی دانوستانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە رۆژی 12ی ئەم مانگەدا لە شاری مەسقەتی پایتەختی عوممان بەڕێوەچوو کە خودی عوممان نێوەندگیر بوو، بڕیاریشە سبەینێ خولی دووەمی دانوستانەکان بەهەمان شێوە بە نێوەندگیری عوممان بەڕێوەبچێت، بەڵام دەبرێتە ئیتاڵیا.

بۆ خولی دووەمی کۆبوونەوەکان، رافائیل گروسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بەشدار دەبێت.

لێدوان و راگەیەنراوەکانی هەریەک لە ئەمریکا و ئێران لەدوای خولی یەکەمی دانوستانەکان ئەرێنی بوون. کۆشکی سپی رایگەیاند، گفتوگۆکان ئەرێنی و بونیادنەر بوون. لەلایەکی دیکەشەوە، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بەهەمان شێوە گفتوگۆکانی بە بونیادنەر ناو هێنا.

لەبارەی دانوستانەکانەوە، هەفتەی رابردوو ئیسماعیل باقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، خولی دووەمی دانوستانەکان لەسەر پرسی ئەتۆمی و هەڵگرتنی سزاکان دەبێت. لەکاتێکدا ئەمریکا پێشتر جەختی کردبووەوە، کە دۆسیەی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران و بەرنامە موشەکییەکانیش دەبێت باس بکرێن.