سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایدەگەیەنێت؛ دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین مەترسی تیرۆر زیاد دەکات و بەهەموو شێوەیەک دژی دەوەستینەوە، لە بەرانبەریشدا سەرۆکی فەرەنسا دەڵێت؛ پێویستە سەرجەم دەروازەکان بەرووی هاوکارییە مرۆییەکان لەغەززە بکرێنەوە.

 

بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئەمڕۆ لەپەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ ئیمانیۆل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، بەهەموو شێوەیەک دژایەتی دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین دەکەین، چونکە دەبێتە پاڵپشتییەکی گەورە بۆ تیرۆر.

 

نەتەنیاهۆ بە سەرۆکی فەرەنسای راگەیاندووە، تا ئەمڕۆ هیچ بەرپرسێکی فەلەستین بە دەسەڵاتی فەلەستینیشەوە، روداوی '' 7ی ئۆکتۆبەری ئیدانە نەکردووە" هەروەها فەلەستین دەیەوێت ئیسرائیل لەناوبچێت و پشتگیری ئەو لایەنانە دەکات کە دژایەتی وڵاتەکەمان دەکەن.

 

لە بەرانبەردا ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا لە پەیوەندییە تەلەفونیەکەدا لەگەڵ نەتەنیاهۆ، رایگەیاند، ئاگربەست لە کەرتی غەززە بۆ ئێستا پێویستە و جەختیشیکردەوە دەبێت حەماس چەک دابنێت.

 

راشیگەیاند، کردنەوەی هەموو دەروازەکان بەرووی هاوکارییە مرۆییەکان پێویستیەکی بەپەلەیە بۆ هاووڵاتیانی مەدەنی کەرتی غەززە، ئەوەشی خستەڕوو، دەبێت دۆخی نالەباری دانیشتوانی مەدەنی لە غەززە کۆتایی پێبێت.

 

 سەرچاوەیەکی تایبەت لە سەرۆکایەتی فەڵەستین ئاشکرای کرد، ماکرۆن سەرۆکی فەلەستینی ئاگادارکردەوەتەوە، فەرەنسا بە جددی بیر لە دانپێدانانی دەوڵەتێکی فەلەستینی لەسەر بنەمای سنوورەکانی ساڵی 1967 لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا دەکاتەوە.