ئیسرائیل: بزوتنەوەی حـەماس بەرپرسیارە لە شەڕ، چونکە ئامادە نییە بارمتەکان ئازاد بکات و چەک دابنێت
محەمەد رزگار
٧ی نیسانی ٢٠٢٥
ئیسرائیل، بزوتنەوەی حەماس لەکەرتی غەززە لە هەڵگیرساندنی شەر تۆمەتبار دەکات، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش دەڵێت؛ هیچ داهاتوویەک بۆ کەرتی غەززە لە ژێر دەسەڵاتی حەماسدا نییە.
گیدیۆن سار وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، هیچ داهاتوویەک بۆ کەرتی غەززە لە ژێر دەسەڵاتی حەماسدا نییە و بزووتنەوەکە بەرپرسیارە لە هەڵگیرسانی شەڕ "چونکە رەتیدەکاتەوە بارمتەکان ئازاد بکات و چەک دابنێت".
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل وتیشی: چەک دانانی حەماس و گەڕاندنەوەی بارمتە ئیسرائیلییەکان لە غەززە دەتوانێت دەستبەجێ کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت.
گیدیۆن سار پێشنیاری ئیدارەیەکی راگوزەر بۆ کەرتی غەززە دەکات لەژێر چاودێری نێودەوڵەتی و عەرەبیدا، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی کەرتی غەززە نادەین لەدوای شەڕ ".
سەبارەت بە پێشنیاری کۆچی خۆبەخشانەی دانیشتوانی غەززە، رایگەیاند، "کۆچی خۆبەخشانە لە غەززەوە چارەسەرێکی مرۆڤانە و راستەقینەیە لە چوارچێوەی پلانی ترەمپ، هەرکەسێکیش بیەوێت خۆبەخشانە لە غەززەوە کۆچ بکات، ئێمە ئاسانکاری بۆ دەرچوونیان دەکەین".