ساڵح موسلیم رایدەگەیەنێت، كورد بەشێكە لە سوریا و هەرگیز جیا نابێتەوە، هۆشداریشدا لە هەوڵەكانی توركیا بۆ تێكدانی رێككەوتنەكەی نێوان كۆبانێ‌ و شەرع.

ساڵح موسلیم هاوسەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكراتی (پەیەدە) لە رۆژئاوای كوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا هۆشداری دەدات لە هەوڵەكانی توركیا بۆ تێكدانی ئەو رێككەوتنەی لەنێوان مەزڵوم كۆبانێ‌ فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) ‌و ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا بۆ قۆناغی راگوزەر ئیمزاكراوە.

وتیشی، توركیا ئێستا بووەتە هەڕەشە و بەربەست بۆ هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەیەوێت زۆرترین ئاستەنگ دروستبكات، بەڵام كاریگەرییەكی ئەوتۆی نابێت.

راشیگەیاند، كورد خەباتی زۆریكردوە و قوربانی زۆریشداوە لەو رێگایە، بۆیە لە ئێستادا بووەتە فاكتەرێكی سەرەكی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئاماژەی بەوەشكرد، پێشتریش وتویانە "بەشێكین لە سوریا و هەرگیز نەیانویستوە جیاببینەوە".

ساڵح موسلیم ئاشكراشیكرد، لەچەند رۆژی داهاتوودا هەموو حزبە كوردییەكانی سوریا كۆدەبنەوە و كۆنگرە یان كۆنفرانسێك دەبەستن بۆ باسكردن لە داهاتووی كورد لە سوریا.