ئیسرائیل: زیاتر لە 16 هەزار سەربازمان بەهۆی شەڕی غەززەوە لەژێر چارەسەری دەروونی و جەستەیی دان
هەساو ئەمیر
٧ی نیسانی ٢٠٢٥
ئیسرائیل ژمارەی ئەو سەربازانەی راگەیاند کە بەهۆی شەڕی غەززەوە لە رووی جەستەیی و دەروونی؛ بە زەبری جەنگەوە دەناڵێنن و لەئێستادا چارەسەر وەردەگرن.
وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، نزیکەی 16 هەزار و 500 سەربازیان بەهۆی شەڕی غەززەوە چارەسەر وەردەگرن، کە حەوت هەزار و 300 سەربازیان توشی گرفت یان نەخۆشی دەروونی بوون.
ئەوەشی خستە روو، بە گشتیی ئەو سەربازانەی گرفتی دەروونیان هەیە، بەدەست شۆکی دوای جەنگ، خەمۆکی و دڵەڕاوکێی توندەوە دەناڵێنن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەئێستادا چەندین تیمی پزیشکی دەروونی و توێژەریی دەروونیان بۆ چارەسەرکردنی سەربازەکان دابین کردووە.
لە 7ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2023، دوای ئەوەی حەماس بە زیاتر لە پێنج هەزار موشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەستی پێ کرد، بەهۆی شەڕەکەشەوە بەدەر لە ئیسرائیل، لە غەززەش زیاتر لە 50 هەزار کەس کوژراون، کە زۆرینەیان ژن و منداڵن.