حەماس هێرشێكی فراوانی مووشەكی كردە سەر شاری ئەسدودی باشووری ئیسرائیل و سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، نزیكەی 10 موشەک لە غەززەوە ئاڕاستەیان كراوە و زۆرینەیان خستووەتەخوارەوە.

كەتائیبی قەسام، باڵی سەربازی حەماس بڵاوكردەوە، هێرشێكی فراوانی مووشەكیان كردووەتە سەر شاری ئەسدودی باشووری ئیسرائیل، لە وەڵامی ئەو كۆمەڵكوژییانەی ئیسرائیل دەرحەق بە خەڵكی مەدەنی فەڵەستینی ئەنجامی دەدات.

هاوكات، سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، نزیكەی 10 مووشەك لە غەززەوە ئاڕاستەی ئیسرائیل كراوە و ئەوانیش وەكو سوپا، زۆرینەی مووشەكەكانیان خستووەتەخوارەوە.

میدیاكانی ئیسرائیل بڵاویانكردووەتەوە، بەهۆی مووشەكەكانەوە زەنگی ئاگاداركردنەوە لە ناوچەكانی باشووری تەلئەبیب و ئەسقەلان و ئەسدود كەوتووەتەكار و هاوڵاتییانی مەدەنی ئەو ناوچانەیان چۆڵكردووە، هێزە ئەمنییەكانیش گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەكان، هاوكات، شارەوانی ئەسقەلانیش رایگەیاندووە، مووشەك لە ناوچەكەیان كەوتووەتەخوارەوە و بریندار و زیانی ماددی لێكەوتووەتەوە، بەڵام بریندارەكان رەوشی تەندروستییان جێگیرە.