ئیسرائیل دانی نا بە كوشتنی 15 كارمەندە تەندروستییەكەی غەززە
یەحیا
٦ی نیسانی ٢٠٢٥
سوپای ئیسرائیل دان بەوەدا دەنێت كە هەڵەی كردووە سەبارەت بە كوشتنی 15 كارمەندی فریاگوزاری و تەندروستی لە كەرتی غەززە.
میدیاكانی ئیسرائیل لە زاری لێپرسراوێكی باڵای ئەو وڵاتەوە بڵاویانكردەوە، گێڕانەوەی پێشووی سوپای ئیسرائیل سەبارەت بە ڕووداوەكە دروست نەبووە و كارمەندەكان بە هەڵە كوژراون لەلایەن سوپاوە.
رۆژی 23ی ئاداری رابردوو كاروانێكی ئەمبوڵانسەكانی مانگی سوری فەلەستینی و ئۆتۆمبێلێكی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئۆتۆمبێلێكی ئاگركوژێنەوە لە بەرگری شارستانی غەززە لە ناوچەی تل سوڵتان لە رەفەح كەوتنە بۆسەی سوپای ئیسرائیل و تەقەیان لێكرا، بەوهۆیەشەوە سەرجەمیان كە 15 كەس بوون، كوژران.
ئەوەش لەدوای بڵاوبوونەوەی تۆمارێكی ڤیدیۆیی هات كە تیایدا دەردەكەوێت یەكێك لە كارمەندەكان پێش كوژرانی، تۆماری هێرشی سوپای ئیسرائیلیی بۆسەر ئەمبوڵانسەكان كردووە، لەكاتێكدا ئەمبوڵانسەكان لایتەكانیان كار دەكات و لۆگۆیان پێوەیە، بەڵام دوای رووداوەكە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هۆكاری تەقەكردن لە ئەمبوڵانسەكان ئەوە بووە كە لایتیان كوژراندوەتەوە و نەناسراو بوون .