باقرخان: توركیا بەدرێژایی 100 ساڵ سیاسەتی هەڵەی بەرامبەر بە كورد بەكارهێناوە
هادی
٥ی نیسانی ٢٠٢٥
هاوسەرۆكی دەم پارتی دەڵێت، توركیا بەدرێژایی 100 ساڵی رابردوو سیاسەتی هەڵەی بەرانبەر كورد بەكارهێناوە، ئەوەش بووەتە بەربەست لە بەردەم ئاشتی و دیموكراسی.
تونجەر باقرخان هاوسەرۆكی گشتی پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان "دەم پارتی" رایگەیاندوە، توركیا بەدرێژایی 100 ساڵی رابردوو سیاسەتێكی هەڵەی بەرانبەر بە كورد بەكارهێناوە، ئەو سیاسەتە هەڵەیەش بووەتە هۆی زیانگەیاندن و دروستكردنی لەمپەر و ئاستەنگ لە بەردەم سەرخستن و بەرەوپێشبردنی ئاشتی و دیموكراسی لە توركیا.
سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتیش باقرخان وتی، پەرلەمانی توركیا دەتوانێت هەنگاو بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری بنێت و بە بوێرییەوە روبەڕوی كێشەكان ببێتەوە، پێویستیشە هەمووان بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرن و هەڵوێستێكی دیموكراسییانە نیشان بدەن.
جەختیشیكردەوە، چارەسەركردنی پرسی كورد و پرۆسەی چارەسەریی و بەدیهێنانی دیموكراسی، ئەنجامی باش بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ئەوەش بۆ توركیا دەبێتە مایەی گۆڕانكاریی ریشەیی.