محەممەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عیراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکوەزیرانی سوریا، پیرۆزبایی جەژنی لێکرد و چەند پرسێکی گرنگی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.

بەپێی راگەیێندراوێک کە نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عیراق بڵاویکردەوە، سودانی پیرۆزبایی لە گەلی سوریا کردووە بە بۆنەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ و "هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق لە پشتیوانیکردنی بژاردەکانی گەلی برای سوریا" دووپاتکردەوە.

سەرۆکوەزیرانی عیراق لە میانەی گفتوگۆکەدا جەختی لەسەر گرنگی ئەوە کردەوە کە "پڕۆسەی سیاسی هەموو لایەن و پێکهاتەکانی سوریا لەخۆبگرێت و ببێتە مایەی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و ئاسایشی کۆمەڵایەتی، لەپێناو داهاتوویەکی ئارام و سەقامگیر بۆ سوریا و هەموو ناوچەکە".

هەر بەپێی راگەیێندراوەکە، محەممەد شیاع سودانی "دەستدرێژییەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر خاکی سوریا رەتکردەوە و پشتیوانیی عیراقی بۆ یەکپارچەیی خاک و سەروەریی سوریا دوپاتکردەوە".

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەدا، هەردوو سەرۆکوەزیران باسیان لە گرنگیی هاوکاریی دوولایەنە لە روبەڕوبوونەوەی مەترسییەکانی رێکخراوی داعش و پەرەپێدانی هاوکارییەکان لە بوارە ئابورییەکاندا کرد.