هەسەدە ئامادەکاری بۆ ئاڵوگۆڕکردنی دیل و تەرمەکان لەگەڵ سوپای سوریا دەکات
رەوەز
١ی نیسانی ٢٠٢٥
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەمڕۆ رایگەیاند، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئامادەکاری دەکەن بۆ ئاڵوگۆڕکردنی دیل و تەرمەکان لەگەڵ سوپای نیشتمانیی سوریا.
بەپێی راپۆرتەکە، هەردوولا ئامادەن تەرمی ئەو چەکدارانە ئاڵوگۆڕ بکەن کە لە چەند هەفتەی رابردوودا لە بەرەی بەنداوی تشرین و پردی قەرە قۆزاک لە لادێکانی رۆژهەڵاتی حەلەب کوژراون.
روانگەی سوری هەروەها ئاشکرای کرد کە پێشتر هێزەکانی هەسەدە 40 تەرمیان لە سوپای نیشتیمانی وەرگرتووەتەوە و 25 تەرمیشیان رادەستی سوپای نیشتیمانی کردووەتەوە، کە چواریان هاووڵاتی تورکن.
شایانی باسە، ئەم ئامادەکارییانە بۆ ئاڵوگۆڕی دیل و تەرمەکان لە کاتێکدایە کە ئێستا ئاگربەستێک لە نێوان هەردوولادا هەیە.