دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، دەستبەجێ پێناسی گومرکی لەسەر کەلوپەلی چینی بۆ ٪125 بەرز دەکاتەوە، ئەمەش بەرزبونەوەیەکی نوێیە لە گرژییە بازرگانییەکانی نێوان هەردو وڵات.
دۆناڵد ترەمپ، لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە پلاتفۆڕمی "Truth Social" بڵاوی کردەوە، "لەبەرئەوەی چین رێز لە بازاڕە جیهانییەکان ناگرێت، لێرەوە ئەو پێناسە زیاد دەکەم کە لەلایەن ئەمریکاوە بەسەر چیندا سەپێنراوە بۆ٪125، کە دەستبەجێ جێبەجێ دەکرێت".
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، "هیوادارین لە داهاتویەکی نزیکدا چین درک بەوە بکات کە رۆژانی بەکارهێنانی ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە کۆتایی هاتووە و چیتر ئەو کارە قبوڵکراو نیە".
لەلایەکی دیکەوە، ترەمپ بڕیاریدا پێناسی 10٪ بۆ ماوەیەک رابگرێت. وتیشی، "من رێگەم داوە بە راگرتنی کاتی بۆ ماوەی 90 رۆژ، لەگەڵ کەمکردنەوەی باجی بەرامبەر بە رێژەی 10٪ لەم ماوەیەدا، کە دەستبەجێ جێبەجێ دەکرێت".
هەروەها ترەمپ رونی کردەوە، "زیاتر لە75 وڵات پەیوەندییان بە نوێنەرانی ئەمەریکاوە کردوە، بۆ دانوستان لەسەر چارەسەرکردنی ئەو پرسانەی کە لەژێر گفتوگۆدان و پەیوەستن بە بازرگانی، بەربەستە بازرگانییەکان، گومرگی، دەستکاریکردنی دراو، و باجی نەدراو".
چەند زانیارییەک سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و چین
پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و چین لە ماوەی ساڵانی دواییدا بەردەوام لە گرژی و ئاڵۆزیدا بووە، بەتایبەت لە بواری بازرگانی و تەکنەلۆژیادا. لە سەردەمی یەکەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ (2017-2021)، شەڕێکی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات دەستی پێکرد کە تیایدا هەردوو لا باجی بەرزیان بەسەر کەلوپەلی یەکتردا سەپاند.
لە دوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی لە 20ـی کانونی دووەمی 2025، سیاسەتی "ئەمەریکا لە پێشەوە" جارێکی دیکە بووەتە بنەمای کارکردنی ئیدارەکەی و ئەمەش کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین هەبووە.
شایەنی باسە، ئابووری هەردوو وڵات بە قوڵی پەیوەندیدارن بە یەکترەوە، وەک دو گەورەترین ئابوری جیهان. بێجگە لە پرسی بازرگانی، پەیوەندییەکانی ئەمریکا و چین کێشەی دیکەشیان هەیە، لەوانە پرسی تایوان، مافەکانی مرۆڤ، سیخوڕی، هەژموونی زلهێزی لە ناوچەی ئاسیای پاسیفیک، و هەڵسوکەوتی چین لە دەریای باشوری چین.
بڕیارەکەی ئەمڕۆی ترەمپ دەربارەی بەرزکردنەوەی باج بۆ 125٪ پێشبینی دەکرێت کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر بازاڕەکانی جیهان و نرخی کەلوپەل هەبێت، هەروەها چاوەڕوان دەکرێت چین بە شێوەیەکی هاوشێوە وەڵامی ئەم هەنگاوە بداتەوە.