ئەنجوومەنی فەتوای ئیمارات رایگەیاند کە بۆ بینینی مانگ و دیاریکردنی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان، درۆنی پێشکەوتوو لە رێگەی زیرەکی دەستکردەوە بەکاردەهێنێت.

بەپێی راگەیەندراوی ئەو ئەنجوومەنە، ئەمساڵ بۆ یەکەمجار ئەم تەکنەلۆژیا نوێیە بەکاردەهێنرێت و بەمەش ئەنجوومەنی فەتوای ئیمارات دەبێتە یەکەم لایەن لەسەر ئاستی جیهان کە ئەم تەکنەلۆژیا پێشکەوتووە بۆ بینینی مانگ و دیاریکردنی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان بەکاردەهێنێت.

ئەنجوومەنی فەتوای ئیمارات وردەکاری بەکارهێنانی درۆنەکانی لە پرۆسەی بینینی مانگ ئاشکرا کرد و ڕاگەیەنرا کە "چەند درۆنێک بۆ بینینی مانگ بەکاردەهێنرێن کە چەند دووربینێکی کوالێتی و خەسڵەتی زۆر بەرزیان پێوەیە."

بەپێی میدیاکان، ئەم درۆنانە "300 مەتر لەسەر روی دەریا بەرەو روی شوێنی دەرکەوتنی مانگ لە ئاسمان بەرزدەکرێنەوە" و ئەم پرۆسەیەش "بەپێی توێژینەوە فەلەکناسی و ئەستێرەناسییەکان کە زۆر بە وردی ئەنجام دەدرێن" جێبەجێ دەکرێت.

شارەزایان پێیانوایە بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایە دەبێتە هۆی زیادکردنی وردی دیاریکردنی کاتی دەستپێکی جەژن و کەمکردنەوەی جیاوازییەکان لە نێوان وڵاتاندا.