دەسەڵاتدارانی میسر زانیاری نوێیان لەبارەی تێکشکانی ژێردەریاییەکەی دەریای سورەوە بڵاوکردەوە و باس لەوە دەکەن، هێشتا چوار گەشتیار لەژێر چاودێری چڕدان.

دوای ئەوەی دوێنێ میدیاکان بڵاویان کردەوە، بەهۆی تێکشکانی ژێردەریایی گەشتیاریی "سندباد" لە دەریای سور لە نزیک شاری غوردقە شەش کەس گیانیان لەدەستدا، لەئێستادا زانیاری ورد لەبارەی سەرنشینەکانەوە بڵاوکراوەتەوە.

عەمرو حەنفی پارێزگاری دەریای سور رایگەیاندووە، ژێردەریاییەکە 50 گەشتیاریی هەڵگرتووە و ماوەی زیاتر لە 40 خولەک گەشتیان کردووە.

باسی لەوەشکردووە، پێنج لە سەرنشینەکان تیمی ژێردەریاییەکە بوون، 45 کەسەکەی دیکەش گەشتیاری جیاواز بوون لە هەریەک لە روسیا و هیندستان و نەرویج و سویدەوە سەردانی میسریان کردبوو.

وتیشی، لە روداوەکەدا شەش کەس گیانیان لەدەستداوە، کە سەرجەمیان روسی بوون، پێنجی دیکەشیان لە ئێستادا لە نەخۆشخانەن کە گرفتی هەناسەدان، یان شکان و برینی جەستەیان هەیە. جگە لەوەش چوار گەشتیاریی دیکە لەژێر چاودێری چڕدان و تەندروستییان ناجێگیرە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، گەشتیارەکانی دیکە سەرجەمیان گەڕێندراونەتەوە بۆ هۆتێل و تەندروستییان جێگیرە، هیچ کەسێکیش ون نەبووە.

ئەو پارێزگارە ئەوەشی خستووەتە روو، ژێردەریایی سندباد تاکە ژێردەریایی ئەو ناوچەیەیە، کە ماوەی چەند ساڵێکە بە بەردەوامی لەو شوێنەدا کار دەکات و تیمەکەشی بڕوانامەی بڕواپێکراویان هەیە، بۆیە گومانیان لە تیم و کۆمپانیاکە نییە و رابردوویەکی باشیان هەیە لە ناوچەکەدا، بەڵام لێکۆڵینەوەی تیمەکان بۆ دیاریکردنی هۆکاری رووداوەکە بەردەوامە و پێویستە بە روونی گرفتەکە دیاری بکرێت، پاشان ئەنجامەکان بۆ میدیاکان ئاشکرا دەکەن.