وەزیری دەرەوەی ئێران: نامەکەی سەرۆکی ئەمریکا رەهەندگەلی جیاوازی هەبوو
رەوەز
٢٨ی ئازاری ٢٠٢٥
وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عێراقچی، رایگەیاند کە نامەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەڕەشەی تێدا بووە.
عێراقچی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وتی: "نامەکەی سەرۆکی ئەمریکا بەدەست گەیشت و بە وردی تاوتوێ کرا. نامەکە رەهەندگەلی جیاوازی هەیە و هەڕەشە لە بەشێکیدا هەیە، بەڵام رێگە نادەین کەس بە زمانی هەڕەشە لەگەڵ خەڵکی ئێران قسە بکات."
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە کە نامەکە هەوڵ دەدات پەنجەرەیەک بۆ دیپلۆماسیەت لە نێوانیاندا بکاتەوە. ئەو وتی: "بە وردی نامەکەمان تاوتوێ کرد و هەڵسەنگاندنمان بۆ لایەنە جیاوازەکانی کرد، بە شێوەیەکی گونجاویش وەڵامی خۆمان بۆ لایەنی ئەمریکی نووسیوە."
عێراقچی باسی لە دۆخی هەستیاری ناوچەکە کرد و گوتی: "لە هەموو سووچێکی ناوچەکەدا ململانێ هەیە." سەبارەت بە هۆکاری وەڵامدانەوەی نامەکە لە رێگەی عومانەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە عومان لە رابردوودا رۆڵی نێوبژیوانی لە دانوستاندنەکانی پەیوەندیدار بە رێککەوتنی ئەتۆمی گێڕاوە.
ئەو وتیشی: "ئەزموونێکی باشمان لەگەڵ عومان هەیە؛ متمانەمان بە نیازپاکی عومان هەیە و پەیوەندییەکی باش لەنێوان هەردوو وڵات هەیە."
پێشتر ئەمریکا نامەکەی لە رێگەی ئیماراتەوە گەیاندبووە دەستی بەرپرسانی ئێران.