سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئەمریکا دەکات
رەوەز
٢٨ی ئازاری ٢٠٢٥
محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە مەراسیمی رۆژی قودس، هەڕەشەی وەڵامێکی توندی لە ئەمریکا کرد لە ئەگەری بەردەوامبوونی هەڕەشەکانی بۆ سەر وڵاتەکەی.
ئەم هەڕەشانە هاوکاتە لەگەڵ وەڵامدانەوەی نامەکەی ئەمریکا لەلایەن وڵاتەکەیەوە.
قالیباف رایگەیاند؛ ئەگەر ئەمریکا هێرش بکاتە سەر «سەروەریی خاکی ئێران یان بنکە ئەتۆمییەکان»، ئێران هێرش دەکاتە سەر هەموو بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و هەڵیان دەکێشێت لە ئاگر.
ئەو ئاماژەی بەوەدا؛ کە تەنانەت هاوپەیمانەکانی ئەمریکاش لە ناوچەکە، لە هێرشەکانی ئێران پارێزراو نابن.
قالیباف، نامەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکای بە "کەڵەگایی" وەسف کرد و وتی: "هیچ باسێکی گرنگ لە سزاکانی سەر ئێران نەکراوە، بەڵکو خەیاڵی خۆیان خستووەتە روو"
قالیباف، جەختی لەوە کردەوە کە ئێران لە ژێر "فشار" ناچێتە نێو هیچ دانوستانێکەوە و وتی: "دانوستان لەم بارودۆخەدا خۆبەدەستەوەدانە".
ئەم وتارە هاوڕایی رێبەری باڵای ئێران، عەلی خامنەیییە، کە پێشتر پشتگیری لە ستراتیژی "مقاومەت" کردبوو.
عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، دوێنێ رایگەیاند کە "وەڵامی نامەی ترەمپ بە شێوەیەکی گونجاو و لە رێگەی عومانەوە دەدرێتەوە".
هەڕەشەکانی ئێران لە کاتێکدا دێت کە هەندێک لە شیکەرەوەکان پێیان وایە ئەمریکا بەهۆی پەرەسەندنی پێکهاتەکانی ئەتۆمی ئێرانەوە هەوڵی لەناوبردنی رێککەوتنەکانی «JCPOA» دەدات. لە هەمان کاتدا، هەندێک راپۆرتی میدیایی ئاماژەیان بە پلانی ئەمریکاداوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی توانای ئەتۆمی ئێران.