حەماس: عەبدولـلەتیف قانوع وتەبێژی بزوتنەوەكەمان لە بۆردومانێكدا لە جەبالیا كوژرا
٢٧ی ئازاری ٢٠٢٥
بزوتنەوەی حەماس كوژرانی وتەبێژی بزوتنەوەكەی لە بۆردومانێكی ئیسرائیلدا بۆسەر كامپی جەبالیا راگەیاند.
میدیای رەسمی بزوتنەوەی حەماس لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ عبدوللەتیف قانوع وتەبێژی بزوتنەوەكە لە بۆردومانێكی سوپای ئیسرائیلدا بۆسەر كەمپی ئاوارەكان لە ناوچەی جەبالیا لە باكوری غەززە كوژراوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، قانوع لە نێو خێمەكەی خۆی لە كامپی ئاوارەكان كراوەتە ئامانج، هەر لەو بۆردومانەدا شەش كەسی دیكەش كوژراون و چەندین كەس تریش برینداربوون.
ئەمە لەكاتێكدایە كە هەر لەم هەفتەدا دوو سەركردەی دیكەی باڵای حەماس لە دوو بۆردومانی جیاوازی ئیسرائیلدا لە غەززە كوژران.
هاوكات بزوتنەوەی حەماس رایگەیاندوە، لەدوای دەستپێكردنی هێرشی ئیسرائیل بۆسەر غەززە لە 2023 ەوە تا وەكوئێستا 11 ئەندامی مەكتەبی سیاسی لە كۆی 20 ئەندام كوژراون.