بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، جارێکیتر هەڕەشەکانی دووپاتکردەوە، کە ئەگەر حەماس ئەو دەستگیرکراوانەی لەلای ماوەتەوە ئازاد نەکات، ئەوا ناوچەکانی کەرتی غەززە کۆنترۆڵ دەکەنەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ناتانیاهۆ لە دانیشتنی دادگای کنێستدا وتی: "هەتا حەماس ئازادکردنی بارمتەکانمان زیاتر دوابخات هێرشەکانمان زیاتر و فراوانتر دەبن".

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمە هەنگاوانە، کۆنتڕۆڵکردنی خاکەکەیان و ڕێوشوێنی دیکەش دەگرێتەخۆی".

وتیشی، "من ئەمە بە ئێوە دەڵێم، هەروەها بە حەماسیش. ئەمەش زۆر هەنگاو دەگرێتەخۆ، کە لێرەدا وردەکارییەکانی ناخەمەڕو".

لای خۆیەوە حەماس رۆژی چوارشەممە، هۆشداری دایە ئیسرائیل لەوەی ئەگەر دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوام بێت، بارمتەکانیان لەکەرتی غەززە "بە مردوویی لەناو تابووتدا" دەگەڕێنەوە.


ئاماژەی بەوەشکرد، "فەلەستین هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی زیندانیانی ئیسرائیل بە زیندووی بهێڵێتەوە، بەڵام بۆردومانی بێ جیاوازی هێزەکانیان ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە"، هۆشداریشیدا کە "هەر جارێک داگیرکەران هەوڵی وەرگرتنەوەی دیلەکانی دەدات بە زۆر، ئەوان بە مردوویی لەناو تابوتەکاندا دەگەڕێنەوە".

ئیسرائیل لە 18ی ئاداردا هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکردەوە، ئەوەش دوای نزیکەی دوو مانگ لە ئاگربەست، لەو ماوەیەدا 33 بارمتە لە بەرامبەر زیاتر لە هەزار و 800 زیندانی فەلەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل ئازاد کران.

وەزارەتی تەندرووستی لە حکوومەتی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، لە دوای دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، 830 فەلەستینی کوژراون، بەمەش ژمارەی کوژراوان لە سەرەتای شەڕەوە بۆ 50 هەزار و 183 کەس بەرزبووەتەوە.