ئێران: سەبارەت پرسی ئەتۆمی بە مەرج گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا دەکەین
محەمەد رزگار
٢٤ی ئازاری ٢٠٢٥
ئێران هەڵوێستی خۆی بۆ دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی راگەیاند و دەڵیت: بە مەرج گفتوگۆ دەکەین.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: رێگا بۆ دانوستانی ناڕاستەوخۆ کراوەیە و ئەگەری دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ واشنتۆن رەتکردەوە "تاوەکو هەڵوێستی ئەمریکا بەرانبەر بە ئێران نەگۆڕێت".
وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی: بۆ دانوستان تەنها یەک مەرجمان هەیە، ئەویش دیالۆگ وگفتوگۆکان لەژێر فشار و هەڕەشەدا نەبێت.
عەباس عێراقچی راشیگەیاند: وڵاتەکەی "هیچ دەرفەتێک لەدەست نادات بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان".
ئەمەش لەکاتێکدایە دوێنێ نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوڕاست رایگەیاند: پەیامی ئێمە بۆ ئێران ئەوەیە لە رێگەی دیالۆگ و دیپلۆماسییەوە بگەینە چارەسەری کێشەکان، ئەگەر نەمانتوانی رێگایەکی دیکە وەک سەربازی بژاردەیەکی باش نییە.