جەهەپە ئەکرەم ئیمامئۆغڵۆی وەک کاندیدی سەرۆک کۆمار بۆ هەڵبژاردنی 2028 دیاری کرد
هەساو ئەمیر
٢٤ی ئازاری ٢٠٢٥
پارتی گەلی کۆماری ئەکرەم ئیمامئۆغڵۆی وەک کاندیدی سەرۆک کۆمار بۆ هەڵبژاردنی 2028 دیاری کرد.
پارتی گەلی کۆماری ئەکرەم ئیمامئۆغڵۆی وەک کاندیدی سەرۆک کۆمار بۆ هەڵبژاردنی 2028 دیاری کرد.
پارتی گەلی کۆماری رایگەیاند، ئەکرەم ئیمامئۆغڵۆ سەرۆکی شارەوانی پێشوو کە لە ئێستادا لە زینداندایە، وەک کاندید بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا دیاری کردووە، کە بڕیارە ساڵی 2028 بەڕێوەبچێت.
دوای ئەوەی دوێنێ دەنگدانێکی سەرەتایی بەڕێوەچوو و تیایدا 15 ملیۆن دەنگدەر بەشداریان کرد، ئەمڕۆ شارەوانی ئیستانبوڵ ئەنجامەکانی بڵاوکردەوە و بەپێی ئەنجامەکان، 13 ملیۆن و 211 هەزار کەس دەنگیان بە کاندیدکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵۆ بۆ سەرۆک کۆمار دابوو.
بەپێی راگەیەنراوەکەی شارەوانی ئیستانبوڵ، ئەو کەسانەی دەنگیان بە ئەکرەم ئیمامئۆغڵۆ داوە، بەشێکی زۆریان ئەندامی حزب نین.
لە راگەیەنراوەکەی شارەوانی ئیستانبوڵدا ئەوەش هاتووە، "دەیان ملیۆن کەس لەم وڵاتەدا بەدەست ستەم و سەرکوتکارییەکانی حکومەتەوە دەناڵێنن".
رۆژی 19ی ئەم مانگە، لەسەر سكاڵای داواكاری گشتی توركیا بە بیانوی گەندەڵی و هاوكاریی تیرۆر و چەند تۆمەتێكی دیكە ئەکرەم ئیمامئۆغڵۆ سەرۆكی شارەوانی ئیستەنبوڵ دەستگیر کرا و دوای دوو جار دادگاییکردن، دوێنێ یەکشەممە، بڕیاری زیندانیکردنی بۆ دەرچوو.
دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵو توڕەیی زۆری هاووڵاتیانی تورکیای لێکەوتووەتەوە و لە رۆژی 19ی مانگەوە خۆپیشاندان بەردەوامە، تاوەکو ئێستا سەتان کەس دەستگیر کراون، خۆپیشاندەران زۆربەیان پێیان وایە بابەتەکە سیاسییە و پەیوەندی بە هەوڵی درێژکردنەوەی وادەی سەرۆکایەتی ئەردۆغانەوە هەیە، بەهۆی ئەوەی لە ماوەی دوو خوولی سەرۆكایەتیدا، ئەكرەم ئیمامئۆغڵۆ وەك ركابەرێكی سەرسەختی سیاسی ئەردۆغان لە توركیا دەركەوتووە.