لە هەڵبژاردنێکی سەرەتاییدا کە دوێنێ لە تورکیا بەڕێوەچوو، لەکۆی 15 ملیۆن دەنگدەر، زیاتر لە 13 ملیۆنیان دەنگیان داوە بە هەڵبژاردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵۆ بۆ کاندیدبوون وەک سەرۆک کۆمار.

دوای ئەوەی دوێنێ دەنگدانێکی سەرەتایی بەڕێوەچوو و تیایدا 15 ملیۆن دەنگدەر بەشداریان کرد، ئەمڕۆ شارەوانی ئیستانبوڵ ئەنجامەکانی بڵاوکردەوە و بەپێی ئەنجامەکان، 13 ملیۆن و 211 هەزار کەس دەنگیان بە کاندیدکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵۆ سەرۆکی پێشووی شارەوانی ئیستانبوڵ داوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە 2028دا.

بەپێی راگەیەنراوەکە، ئەو کەسانەی دەنگیان بە ئەکرەم ئیمامئۆغڵۆ داوە، بەشێکی زۆریان ئەندامی حزب نین.

دواتریش ئەکرەم ئیمام ئۆغڵۆ کە لە ئێستادا لە زینداندا راگیراوە ئەوەی خستە روو، دڵخۆش بووە بەو ئەنجامانە.

لە راگەیەنراوەکەی شارەوانی ئیستانبوڵیشدا هاتووە، "دەیان ملیۆن کەس لەم وڵاتەدا بەدەست ستەم و سەرکوتکارییەکانی حکومەتەوە دەناڵێنن، کە ئەوەش لە ئەنجامی ئابوورییەکی وێران و هەرایەکی زۆرەوە دروست بووە".

داواش لە خەڵک دەکەن، "پەلە بکەن بۆ چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان و بە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری ئێستای تورکیا بڵێن: بەسە".

رۆژی 19ی ئەم مانگە، لەسەر سكاڵای داواكاری گشتی توركیا بە بیانوی گەندەڵی و هاوكاریی تیرۆر و چەند تۆمەتێكی دیكە ئەکرەم ئیمامئۆغڵۆ سەرۆكی شارەوانی ئیستەنبوڵ دەستگیر کرا و دوای دوو جار دادگاییکردن، دوێنێ یەکشەممە، بڕیاری زیندانیکردنی بۆ دەرچوو.

دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵو توڕەیی زۆری هاووڵاتیانی تورکیای لێکەوتووەتەوە و لە رۆژی 19ی مانگەوە خۆپیشاندان بەردەوامە، تاوەکو ئێستا سەتان کەس دەستگیر کراون، خۆپیشاندەران زۆربەیان پێیان وایە بابەتەکە سیاسییە و پەیوەندی بە هەوڵی درێژکردنەوەی وادەی سەرۆکایەتی ئەردۆغانەوە هەیە، بەهۆی ئەوەی لە ماوەی دوو خوولی سەرۆكایەتیدا، ئەكرەم ئیمامئۆغڵۆ وەك ركابەرێكی سەرسەختی سیاسی ئەردۆغان لە توركیا دەركەوتووە.