لە حەوت رۆژدا 277 كەس لە ئێران بە روداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە
زاهیر
٢٣ی ئازاری ٢٠٢٥
لە رۆژانی پشووی نەورۆزدا لە شارەكانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان زیاتر لە 270 كەس بە روداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە.
وەزارەتی تەندروستیی ئێران بڵاوی كردەوە لە حەوت رۆژی پشوەكانی تایبەت بە جەژنی نەورۆز، لانیكەم 22 هەزار روداوی هاتوچۆ تۆمار كراوە كە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 277 كەس.
بە پێی ئامارەكەی تەندروستی ئێران لە حەوت رۆژدا شەش هەزار و 800 كەسیش لە روداوەكانی هاتوچۆدا برینداربوون و زۆربەشیان ناچاربوون لە نەخۆشخانەكان بمێننەوە بە مەبەستی چارەسەركردنیان.
لە لایەكی ترەوە پۆلیسی هاتوچۆی ئێران ئاشكرایكردوە، تەنها لە دووەم رۆژی نەورۆزدا 12 هەزار سەرپێچی هاتوچۆ لە سەرتاسەری ئێران تۆماركراوە كە بەشێك لەو سەرپێچییانە روداوی هاتوچۆیان لێكەوتووەتەوە.