دادگای توركیا بڕیاری زیندانیكردنی بۆ ئەكرەم ئیمامئۆغڵۆ سەرۆكی شارەوانی ئیستەنبوڵ دەركرد
هەساو ئەمیر
٢٣ی ئازاری ٢٠٢٥
دادگای توركیا بڕیاری زیندانیكردنی بۆ ئەكرەم ئیمامئۆغڵۆ سەرۆكی شارەوانی ئیستەنبوڵ دەركرد.
رۆژی 19ی ئەم مانگە، لەسەر سكاڵای داواكاری گشتی توركیا بە بیانوی گەندەڵی و هاوكاریی تیرۆر و چەند تۆمەتێكی دیكە ئەکرەم ئیمامئۆغڵۆ سەرۆكی شارەوانی ئیستەنبوڵ دەستگیر کرا و دوای دوو جار دادگاییکردن، ئەمڕۆ بڕیاری زیندانیکردنی بۆ دەرچوو.
لەماوەی ئەو چوار رۆژی دەستگیرکردنەیدا ئیمامئۆغڵۆ دووجار لێپرسینەوەی لێکراوە و دادگایی کراوە، کە لە دادگاییەکاندا سەرجەم تۆمەتەکانی رەتکردووەتەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆش داواكاری گشتی توركیا، بە تۆمەتی گەندەڵی و تیرۆر بەرەسمی داوای زیندانیكردنی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆكی گەورە شارەوانی دەستبەسەركراوی ئەستەنبوڵی كرد.
داواكاری گشتیی ئەستەنبوڵ هەفتەی رابردوو رایگەیاند، ئیمامئۆغڵو بە هۆی پەیوەندیی لەگەڵ رێكخراوێك كە تێوەگلاوە لە گەندەڵی، بەرتیلدان و پەرەپێدانی چالاكییە تیرۆریستییەكان، دەستگیر كراوە.
دوای دەستگیرکردنیشی خۆپیشاندان لە تورکیا دژی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵۆ سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ دەستی پێ کرد و خۆپیشاندانەکان هەر زوو فراوان بوون و گرژییان تێکەوت، بەجرۆێک تاوەکو ئێستا نزیکەی 400 کەس دەستگیر کراون.
دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵو لە کاتێکدایە، چاوەڕوان دەکرا ئەمڕۆ وەک کاندیدی رەسمی پارتی جەهەپە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار و رکابەری ئەردۆغان دیاری بکرێت، کە ئەمڕۆ دەنگدانەکە بەڕێوەچوو و وەک رکابەری ئەردۆغان کاندید کرا.
دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵو توڕەیی زۆری هاووڵاتیانی تورکیای لێکەوتووەتەوە و زۆربەیان پێیان وایە بابەتەکە سیاسییە و پەیوەندی بە هەوڵی درێژکردنەوەی وادەی سەرۆکایەتی ئەردۆغانەوە هەیە، بەهۆی ئەوەی لە ماوەی دوو خوولی سەرۆكایەتیدا، ئەكرەم ئیمام ئۆغڵۆ وەك ركابەرێكی سەرسەختی سیاسی ئەردۆغان لە توركیا دەركەوتووە.