داواكاری گشتی توركیا بە رەسمی داوای زیندانیكردنی سەرۆكی شارەوانی ئەستەنبوڵ دەكات.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ داواكاری گشتی توركیا بەرەسمی داوای زیندانیكردنی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی گەورە شارەوانی دەستبەسەركراوی ئەستەنبوڵی كرد بە تۆمەتی گەندەڵی و تیرۆر.

ئەمە لەكاتێكدایە كە بڕیارە لە چەند سەعاتی داهاتوودا دادگا بڕیار لەسەر ئەنجامی دادگاییكردنی ئیمامئۆغڵو بدات لەسەر ئەو تۆمەتانەی كە ئاراستەی كراون.

ئەوەش لەدوای ئەوەدێت كە ئەكرەم ئیمامئۆغڵۆ لە رۆژی چوار شەممەی رابردووەوە بەتۆمەتی گەندەڵی و تیرۆر دەستگیر كراوە، رۆژی شەممەش بۆ یەكەمجار لە دادگا لێكۆڵینەوەی لەگەڵ كرا، هاوكات لەدوای دەستگیركردنییەوە شەپۆلێكی گەورە لە خۆپیشاندان و ناڕەزایی ئەستەنبوڵ و چەند شارێكی دیكەی توركیای گرتووەتەوە و داوای ئازادكردنی دەكەن.