وەزیری ناوخۆی توركیا: لە خۆپیشاندانەكانی توركیا 343 كەس دەستگیركراون
٢٢ی ئازاری ٢٠٢٥
بەهۆی دەستگیركردنی سەرۆكی گەورە شارەوانی ئیستەنبوڵەوە، توركیا كۆنترۆڵی بازاڕی لەدەستداوە.
دوای چوار رۆژ لە دەستگیركردنی ئەكرەم ئیمام ئۆغڵو سەرۆكی گەورە شارەوانی ئیستەنبوڵ، بانكی ناوەندیی توركیا لە دەستێوەردانێكی پێوانەییدا نزیكەی 12 ملیار دۆلاری بۆ پاڵپشتیكردنی لیرە خەرج كرد، ئەوەش دوابەدوای لەدەستدانی بەهاكەی بەهۆی ئاڵۆزییەكانەوە لە پەراوێزی دەستگیركردنەكەی ئیمام ئۆغڵۆدا.
دەستگیركردنەكەی ئیمام ئۆغڵۆ، شەپۆلێكی ناڕەزایی توندی لە ئیستەنبوڵ و چەند شارێكی توركیا بەدوای خۆیدا هێناوە و ئاڵۆزی لێكەوتووەتەوە، ئەوەش بازاڕی دراوەكەی هێندەی دیکە هێنایە خوارەوە لە بەرانبەر دۆلاری ئەمریكیدا.
رۆژنامەی فاینانشەڵ تایمزی ئەمریكی لە راپۆرتێكدا دەڵێت، وەبەرهێنەران متمانەیان بە بازاڕ لەدەستداوە و كۆمپانیای "جەی پی مۆرگان"ـی ئەمریكیش چەند رێكارێکی لەدژی لیرە گرتووەتەبەر.
عەلی یەرلیكایا وەزیری ناوخۆی توركیا رایگەیاند، دوای خۆپیشاندانەكانی رۆژی هەینی لە ئیستەنبوڵ و چەند شارێكی تر، پۆلیس نزیكەی 350 خۆپیشاندەری دەستگیركردووە.
یەرلیكایا جەخت لەوە دەكاتەوە، بچوكترین دەرفەت بۆ ئەو كەسانە ناهێڵینەوە كە هەوڵی تێكدانی ئاسایش دەدەن و هەڕەشە لە ئارامی و ئاسایشی وڵاتەكەیان دەكەن، لەوچوارچێوەیەشدا تا رۆژی یەكشەممە خۆپیشاندان قەدەغە كراوە.
داواكاری گشتیی ئەستەنبوڵ رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، ئیمامئۆغڵو بە هۆی پەیوەندیی لەگەڵ رێكخراوێك كە تێوەگلاوە لە گەندەڵی، بەرتیلدان و پەرەپێدانی چالاكییە تیرۆریستییەكان، دەستگیر كراوە.
لە ماوەی دوو خوولی سەرۆكایەتیدا، ئەكرەم ئیمام ئۆغڵۆ وەك ركابەرێكی سەرسەختی سیاسی ئەردۆغان لە توركیا دەركەوتووە، لە دوای دەستگیركردنەكەی، پارتی گەلی كۆماری كە ئیمام ئۆغڵۆ ئەندامە تیایدا، داوای خۆپیشاندانی سەرتاسەری دەكات لەدژی دەسەڵات.
عەبدوڵا گیول سەركۆماری پێشووی توركیا لەبارەی دەستگیركردنی ئیمامئۆغڵووە رایگەیاند، هێشتا سێ ساڵی ماوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، كارێكی لەو جۆرەش نابێتە هۆی پێشخستنی توركیا، دەبێت كێشەكان بە دیالۆگ چارسەر بكرێن، لەبەرئەوەی ئەگەر ماف و یاسا لەدەست بدەن، توركیا زەرەرمەندی یەكەم دەبێت.
دەستەی بەڕێوبەرایەتی ژوری پارێزەرانی ئیستانبوڵ بە بیانوی پشتیوانیی لە ئیمام ئۆغڵو لە ئیستەنبوڵ دوورخرانەوە، هاوكات ژوری پارێزەرانی ئامەد و رێكخراوی مافی مرۆڤی باكوری كوردستانیش ئیدانەی ئەو كارەی كردو وەك كودەتا بەسەر یاسا مرۆیی و مەدەنییەكان لە توركیا وەسفی كرد.