لە سەروبەندی چڕبوونەوەی فشار و سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران و گروپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، گروپە چەكدارەكانی عیراقی راسپاردووە، لەم قۆناغەدا بە هەموو شێوەیەك خۆیان لە هێرشكردنەسەر ئیسرائیل و ئەمریكا بەدوور بگرن، بەپێچەوانەوە شەڕ و گرژییەكانی ناوچەكە عیراقیش دەگرێتەوە.

رۆژنامەی " شەرقولئەوسەت"ـی سعودی بڵاویكردەوە، هەفتەی رابردوو، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بە نهێنی سەردانی بەغدادی كردووە و لەگەڵ سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی و گروپە چەكدارەكان كۆبووەتەوە و پەیامی دەسەڵاتدارانی باڵای ئێران پێگەیاندوون لەبارەی ئەم قۆناغەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، قائانی داوای لە گروپە چەكدارەكانی عیراق كردووە، لەم قۆناغەدا بە هەموو شێوەیەك خۆیان لە هێرشكردنەسەر ئەمریكا و ئیسرائیل بەدوور بگرن، بەپێچەوانەوە شەڕ و گرژییەكانی ناوچەكە عیراقیش دەگرێتەوە.

رۆژنامە سعودییەكە ئاشكراشیكردووە، ئێران پێیوایە، لەم قۆناغەدا ئەمریكا دەستەوسان نابێت لە هێرشكردنەسەر عیراق، ئەگەر گروپە چەكدارەكان كاردانەوەی مەیدانیان هەبێت بۆ پشتیوانیكردن لە حوسییەكان، كە لەئێستادا لەژێر هێرشی ئەمریكادان.