خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكان لە دژی دەستگیركردنی سەرۆكی گەورە شارەوانی ئیستەنبوڵ فراوانتربووە، وەزیری ناوخۆی توركیاش دەڵێت، 97 كەس دەستگیركراون.

عەلی یەرلیكایا وەزیری ناوخۆی توركیا رایگەیاند، دوای دەستگیركردنی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆكی گەورە شارەوانی ئیستەنبوڵ، لە خۆپیشاندانەكانی سەرتاسەری توركیا 97 كەس دەستگیركراون.

بەپێی میدیاكانی توكیاش، لە ئەنقەرە 31 كەس و لە ئیزمیریش دەیان كەس دەستگیركراون، بە ئامانجی كپكردنەوەی خۆپیشاندانەكانیش تا دێت هەڵمەتی دەستگیركردن و چوونەسەر ماڵان زیاتر دەبێت.

لەلایەكی ترەوە شەوی رابردوو لە ئۆپراسیۆنێكدا لە ئیزمیر 10 ئەفسەری پۆلیس بە تۆمەتی پەیوەندییان بە رێكخراوی فەتحوڵا گیولەن دەستبەسەركراون.

عەبدوڵا گیول سەركۆماری پێشووی توركیاش لەبارەی دەستگیركردنی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو رایگەیاند، هێشتا سێ ساڵی ماوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، كارێكی لەو جۆرەش نابێتە هۆی پێشخستنی توركیا، دەبێت كێشەكان بە دیالۆگ چارسەر بكرێن، لەبەرئەوەی ئەگەر ماف و یاسا لەدەست بدەن، توركیا زەرەرمەندی یەكەم دەبێت.

ئەوەش لە كاتێكدایە 19ی ئەم مانگە، ئەكرەم ئیمامئۆعڵو بەتۆمەتی گەندەڵی و بەرتیل وەرگرتن و بڕوانامەی ساختە و هاوكاریكردنی پەكەكە دەستگیركرا.