لە چوار پارێزگای توركیا دژی دەستگیركردنی سەرۆكی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ خۆپیشاندان بەڕێوەدەچێت
لاوان
٢١ی ئازاری ٢٠٢٥
لە چوار پارێزگای توركیا خۆپیشاندان بەردەوامە دژی دەستگیركردنی سەرۆكی گەورە شارەوانی توركیا و گرژی و ئاڵۆزیش لەنێوان هێزە ئەمنییەكان و خۆپیشاندەران دروست بووە.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكردەوە، لە پارێزگاكانی ئەنكەرە و ئیستانبوڵ و ئیزمیر و مێرسین، هاوڵاتییان رژاونەتە سەر شەقام و دژی دەستگیركردنی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆكی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ خۆپیشاندانی فراوانیان دەستپێكردووە.
راشیگەیاند، گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان هێزە ئەمنییەكان و خۆپیشاندەران دروست بووە، بەجۆرێك لە ئیستانبوڵ هێزە ئەمنییەكان بە گوللەی لاستیكی و لە ئیزمیریش بە ئۆتۆمبێلی رژێنەری ئاو هەوڵی بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران دەدەن.
هاوكات، ئۆزگور ئۆزێل سەرۆكی جەهەپە رایگەیاندووە، ژمارەی خۆپیشاندەران تەنیا لە ئیستانبوڵ 300 هەزار خۆپیشاندەری تێپەڕاندووە و هێزە ئەمنییەكانیش لە بەشێكی زۆری شوێنە گشتییەكانی ئیستانبوڵ بڵاوەیانپێكراوە بۆ رێگریكردن لە گردبوونەوەی خۆپیشاندەران.