خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی لە تورکیا، دژی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بەردەوامە و سەرۆکی پارتی جەهەپەش داوای ڕاپەڕینی سەرتاسەری دژی دەسەڵات دەکات.

عەلی یەریلکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند کە ئەمڕۆ 37کەسیان بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی بابەتی هاندان بۆ ئاژاوەگێڕی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستگیرکردووە.

هاوکات، هەژماری فەرمی ئیمامئۆغڵو لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس داوا لە هاووڵاتیان دەکات بێدەنگ نەبن و دژی ئەو رەوشە بوەستنەوە کە لە تورکیا سەری هەڵداوە.

شایەنی باسە، دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵو لە کاتێکدا دێت کە چاوەڕوان دەکرا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا وەک بەربژێری رەسمی پارتی جەهەپە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار و ڕکابەری ئەردۆغان دیاری بکرێت.

دەستگیرکردنی ئیمامئۆغڵو تووڕەیی زۆری هاووڵاتیانی تورکیای لێکەوتووەتەوە و زۆربەیان پێیان وایە بابەتەکە سیاسییە و پەیوەندی بە هەوڵی درێژکردنەوەی وادەی سەرۆکایەتی ئەردۆغانەوە هەیە.

لە بەرانبەریشدا، عومەر چەلیک، وتەبێژی پارتی ئاکپارتی، تۆمەتەکان ڕەتدەکاتەوە و جەخت لە سەروەریی یاسا و سەربەخۆیی کاری دادگاکان دەکاتەوە.