بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هێزەکانی ئیسرائیل، بە بیانووی پابەند نەبوونی حەماس بە بەڵێنەکانی، هێرشەکانیان بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکردەوە و کۆشکی سپیش رایگەیاند: ئیسرائیل بەر لە ئەنجامدانی هێرشەکەی ئێمەی ئاگادار کردەوە.

ئیسرائیل بە زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی، کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 240 کەس و برینداربوونی سەدان کەسی دیکە، هێرشەکانی دەستپێکردەوە و وەزیری بەرگریی ئیسرائیلیش رایگەیاند: ئەگەر حەماس هەموو بارمتەکان ئازاد نەکات دەرگاکانی دۆزەخ لە غەزە دەکرێنەوە.

هەر لە پاش هێرشەکانەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ حەماس رایگەیاند: نەتانیاهۆ دەیەوێت بە دەستپێکردنەوەی هێرشەکان رێککەوتنی ئاگربەستی غەزە هەڵبوەشێنێتەوە، و داوا لە کۆمکاری عەرەبی دەکەین بە بەرپرسیاریەتی مێژوویی خۆی هەڵبستێت و پشتیوانی لە گەلی فەڵەستین بکات.

حکومەتی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "رەتکردنەوەی بەردەوامی حەماس بۆ ئازادکردنی بارمتەکان، رەتکردنەوەی هەموو ئەو پێشنیازانەی کە لە لایەن ستیڤ ویتکۆڤ، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا و نێوەندگیرەکان خرانەڕوو، هۆکاری ئەم هێرشانەیە"

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە لە نێو کوژراوەکاندا ئەبو عوبێدە ئەلجەماسی ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس و سەرۆکی لیژنەی فریاکەوتنی حەماس و بەرپرسی ئۆپراسیۆنە ناوخۆییەکان و بریکاری وەزیری ناوخۆ و چەند بەرپرسێکیتری ئەو بزوتنەوەی تێدان.
 
ئەم هێرشانەی ئیسرائیل لە کاتێکدایە کە تیمی دانوستانکاری هەردوولا بە ئامادەیی نێوەندگیرەکان لە دانوستاندان بۆ چونە ناو قۆناغی دووەمی ئاگربەست.